زۆر بە داخەوە سەرلە بەیانی رۆژی شەممە 17 ی بەفرانباری 1401 کۆچی خۆری ڕژیمی دژی ئینسانی ئاخوندەکان, دوو زیندانی بێ تاوانیان بە ناوەکانی محەممەد کەرەمی هاونیشتمانی کوردی خەڵکی شاری بیجار و سەیید محەممەد حوسەینی، لە دادگایەکی نمایشیدا، بە بێ بوونی پارێزەر، لە لایەن جەللادەکانی لە سێدارەداو شەهیدی کردن.
ئەو تاوانە تازەیەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی لە ئێران دا، جارێکی دیکە ئەو پەیامەی بە گەلانی ئێران دایەوە کە ڕژیمی دیکتاتۆریی لە ئێران، بڕیاڕی کۆتایی،بەردەوامیە لە کوشتن و درێژەدان بە جینایەت و دڕندەییە لە بەرانبەر گەلانی ئێراندا. هەر بۆیە تێکۆشان و ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینا، شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی، دەبێ بەردەوام بێ تا گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتن.
پێویستە بۆ کۆتایی هێنان بە جینایەتەکانی دەسەڵاتی دژی ئینسانی ئاخوندی، ڕەوتی هاوکاری و تەبایی لە نێوان هێزە سیاسیەکان لە کوردستان و هێزە سەرانسەریەکانی ئێران کە باوەڕیان بە ئازادیی و دیموکڕاسی و مافی نەتەوەکانی ئێران و پێکەوە ژیانی بەرانبەر هەیەو، دیکتاتۆری ئاخوندی و سیستمی سەڵتەنەتی بە ناڕەوا دەزانن، توندو تۆڵ و یەکگرتوو بکرێ.
هەر بەم بۆنەوە داوا لە بەرپرس و ئەندامانی ڕێبەریی هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران دەکەم کە با پێکەوە هەنگاو هەڵگرین بۆ کاری هاوبەش و پلاتفۆڕمی هاوبەش لە پێناو ئامانجەکانی گەلی کورد و دانیشتوانی کوردستانی ئێران.
بە ناوی خۆم و هاوباوەڕانم لە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی و هاوغەمی بە خانەوادەی شەهید محەممەد کەرەمی و شەهید سەیید محەممەد حوسەینی ڕادەگەێنم و دڵنیام کە شۆرشی گەلانی ئێران بۆ کۆتایی هێنان و ڕوخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئاخوندیی بەردەوام دەبێ تا سەرکەوتن.
سەرکەوێ شۆڕشی ڕەوای گەلی کورد و گەلانی ئێران
بڕوخێ ڕژیمی دیکتاتۆریی ئاخوندیی
بابەشێخ حوسەینی
18 ی بەفرانباری 1401ی کۆچی خۆری