خەباتمیدیا: ڕۆژی چوارشەممە ۲۸ی بەفرانباری ۱۴۰۱ی هەتاوی چارلی وایمرز, نوێنەری سوئید لە پارلەمانی ئەورووپا لە توییتەرەکەی خۆیدا ڕایگەیاند کە پارلەمانی ئەورووپا بە µ۹۸ دەنگی بەڵێن لە کۆی دەنگی ۶۳۸ نوینەری ئامادە, بابەتی داواکاری لە یەکیەتی ئەورووپای بۆ خستنی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە بڕیارنامەی ئەو پارلمانە پەسەند کردوه و دیاری کراوە سبەی پێنجشممە ۲۹ی بەفرانبار بخرێتە دەنگدانەوە.
عوبەیر ئەلسەهلانی نوێنەری پارلمانی ئەورووپا بە "بی بی سی" ڕایگەیاند کە یەکیەتی ئەورووپا بە بابەتی دانانی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان زور نزیک بووەتەوە.
بەوتەی ئەلسەهلانی وەزیرانی یەکیەتی ئەورووپا دەبێ داواکاری زۆرینەی پارلمانی ئەورووپا قبووڵ بکەن. ناوبراو وتەکانی ئۆرسێلا ڤەندەرلاین, سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپای لەسەر پشتگیری لە دانانی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی بە ڕووناک بیری ناو برد.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئیسماعیل کەوسەری,نوێنەری پارلمانی ئێران لەسەر ئەم بابەتە وتووبووی کە ئەورووپایییەکان دەبێ بزانن کە پەسەند کردنی ئەم گەڵاڵەیە بۆیان گران تەواو دەبێت و زیانێکی زۆریان بەردەکەوێ.
ناوبراو لە لێدوانێکدا لەگەڵ هەواڵدەری فارس, سەر بە سپای پاسدارانی ڕژیم وێڕای هەڕەشە کردن لەم بابەتە وتی که ئەو کارە بێ وڵام نامێنێتەوەو سەرەتا لە ڕێگەی سفارەتخانەکانی وڵاتانی ئەورووپایی ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن و پاشان لە قۆناغی دوایین دا حکومەتی ئاخوندی ئێران دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانە کاردانەوەی دەبێ.