خابات میدیا : وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت ڕۆژی دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی ووڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئوروپا لەسەر سزادانی زیاتری ئەندامانی سپای تروریستی پاسداران ڕێکەون.
ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەوەی مانگانەی "ئەنجومەنی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا" بە سەرۆکایەتی جۆزێپ بۆرێل، سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی ئەم یەکێتییە بەڕێوەدەچێ و سەرجەم وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام پێکەوە کۆدەبنەوە.
هەروها پێش ئەمەش هەواڵی جیاواز سەبارەت بە ئەگەری زیادکردنی سزاکانی سەر سوپای پاسداران لەم کۆبوونەوەیەدا بڵاوکراونەتەوە.
شایانی باسە، شەڕی ئۆکرانیا تەوەری سەرەکی ئەم دیدارەیە. بەڵام ئەو دیپلۆماتکارانەی ناویان ئاشکرا نەکراوە ڕایانگەیاندووە کە لیستی ٤٠ بەرپرس و دامەزراوەی ڕژیمی ئێران بۆ سزادان ئامادەکراوە. لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی جەماوەریی لە ئێران، یەکێتی ئەوروپا سێ دەورە سزای بەسەر ئەو دەسەڵات و دامودەزگایانەدا سەپاندوە کە تۆمەتبارن بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.
لە هەمان کاتدا ئەم یەکێتییە ڕژیمی ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردوە کە هاوکاری ڕوسیای کردووە لە شەڕ دژی ئۆکرانیا و هەر بەو هۆیەشەوە سزاکانی دیکەی دژ بە ڕژیمی ئێران پەسەند کردوە.