ماردین زاهدی
ژنان لە کوردستان و ئێران، چەندین ساڵە کە بەهۆی بوونی قانون و یاسا دژە ژنەکان و هەروەها کلتووری دواکەوتووی نێو کۆمەڵگە، زۆڵم و زۆری لە ڕادەبەدەریان لێی دەکرێ و دەچەوسێنەوە. لەم ماوەیەدا چەندین هەواڵی کوشتنی ژنان لە لایەن پیاوێکەوە بڵاوکرایەوە، ئەو پیاوە رەنگە مێردی، برای، باوکی، دەزگیرانی یان خۆشەویستی و یان هەرکەسێکی دیکە بێ، کە ئەو ژنە بە موڵکی خۆی دەزانێ،ئەو بیرکردنەوەیەو ئەو ڕوانگەیەی کە خاوەنداریەتی و مرۆفێک خاوەنی مرۆفێکی دیکە بێ لە هیچ باوەڕو قانونێکدا ڕێگە پێدراو نیە.
لە ماوەی دەسەڵاتدارای ئاخوندەکان لە ئێراندا،سەدان جار بڵاو کراوەتەوە و بینیومانە کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەو حکومەتە ستەم لە ئافرەتان و ژنان کراوە.ئەو دەسەڵاتە دژە ئینسانیە، بە دانانی قانونی دواکەوتوانە، ڕێگە خۆش کەر بووە بۆ ئەوەی بە یاسا ستەم لە ژنان بکرێ و پارێزگاری لەو کەسانە بکات کە ستەم لە ئافرەتان دەکەن کە ئەو سیاسەتی ڕژیم بۆتە هۆی زۆرتر بوونی کردەوەی ناڕەوا دژ بە ژنان.
بەپێی ئەو سیاسەت و هەڵوێستانەی دەسەڵات دەردەکەوێ هاندەری ئەو کردەوانەیەو بۆ ئەوەی ئاسایش و هێمنی لە کۆمەڵگەو خانەوادەکاندا نەمێنێ و درێژە بە تەمەنی نەگریسی بدات.
حاشا هەڵنەگرە کە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، زۆر ڕاستیی بۆ خەڵکی ئێران ئاشکرا کرد و روون کرایەوە کە زۆربەی ئەو توندووتیژیانە کە دژ بە ئافرەتان دەکرێ و دەکرا، بە بۆنەی سیاسەتی دژمنکارانەو تەبلیغاتی دەسەڵات بوو و زۆربەی خەڵک لەو کردەوە دژە مرۆڤانە بێزارن. دەبینین کە پیاوانی رووناکبیر چۆن دەستی ژن و خۆشک و کەس و کارەکانیان دەگرن و شان بە شانیان بە سەربەرزیەوە داوای مافەکانیان دەکەن. دەبینین کە چەندین کۆڕی تێکۆشەر خۆیان فیدای شۆڕشی ژینا کرد و باوکانیان شەهامەت و بوێری ژنانیان بو بەنموونە هێنایەوە. بەڵام ئەوە کۆتایی کار نییەو بۆ بەرەنگاربوونەوەی کلتووری نەشیاو، رێگایەکی زۆرمان لەپێسەو دەبێ هەوڵی زیاتر بدرێ بۆ کۆتایی هێنان بە ستەم لە ئافرەتان.
جێگەی دڵخۆشیە کوردستان چەندین ساڵە کە پێشەنگی شۆڕشەو دەرفەتی ئەوەی داوە کە ژنان شان بە شانی پیاوان لە گۆڕەپانی خەبان بن و دژ بە هەڵاواردنی رەگەزایەتی و دژ بە رژیمی ئاخوندی ئێران کە سەرەکی ترین هۆی ئەو هەڵاواردنەیە موبارزە بکەن. ئێستاش پاش دەستپێکی شۆڕشی ژینا، کە کوردستان هەڵگری ئاڵای پێشەنگایەتی ئەو شوڕشەیە، بیستنی هەواڵی کوشتنی ژنێک لە لایەن پیاوێکەوە، بە هەر بیانووێک،گەلێک سەختەو بە پێچەوانەی ئامانجەکان و گیان فیدا کردن و ئیعدام و سەرکوت و چاوکوێر کردنەی خەڵکی راپەڕیو و مافویستە. دیاردەی کوشتنی ژن، لە ژێر ناوی نامووس یان هەر ناوێکی دیکە، لە سەردەمی شوڕشی ژینا و سەردەمی هوشیاری کۆمەڵایەتی و پێشکەوتن و رووناکبیری، نەک هیچ جۆرە بیانوێک و بەڵگە هێنانەوەیەک هەڵناگرێ، بەڵکوو بەجوانی یەک راستیمان بۆ روون دەکاتەوە، ئەوەش ئەوەیە کە لەم کاتەدا کە ئەو حکومەتە دەستدرێژی جنسی نە تەنیا بۆ کچان، بەڵکوو بۆ کۆران لە گرتووخانەکان و زیندانەکان وەک ئامرازێکی هەڕەشەو بۆ ددان پێدانان بە تاوانێک کە نەیانکردوە بەکار دێنێ، بێگومان ئەوانەی لە ناو کۆمەڵگەدا ستەم لە ژنان و کچان دەکەن و هاواکارو هاوتەریبی دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکانی ئێرانن.هەر بۆیە پێویستە تا سەرکەوتنی یەکجاری و گەیشتن بە ئازادی درێژە بە راپەڕینەکان بدەین،بۆ ئەوەی ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی لە ناوبچێ کە بە لە ناوچوونی ئەو ڕژیمە،شاهیدی کۆتایی هاتن بە بەشێکی زۆری ستەم و ناڕەواییەکان لەگەل ئافرەتانی کوردستان و ئێران دەبین.