پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

ڕاگەێندراوی سازمانی خەبات،ی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ۲۲ی ڕێبەندان

ڕاگەێندراوی سازمانی خەبات،ی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ۲۲ی ڕێبەندان

هاونیشتمانیانی خۆڕاگر!
خەڵکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان!
ڕۆژی ۲۲ی ڕێبەندانی بیرەوەری ڕۆژێکی بەرچاو و سەرەتای وەرچەرخان و نوختەگۆڕانێکی دیارە لە مێژووی ئاڵوگۆڕی سیاسی و خەباتی ئازادیخوازی و ڕزگاری لە کۆت و بەندی دیلی و چارەڕەشی تێکڕای گەلانی ئێران لە دەست دەسەڵاتی دیکتاتۆر و خوێن مژی دووهەزار و پێنج سەد ساڵەی پاشایەتی .
گەلانی ئێران لە دوای ساڵانێکی دوور و دێژ و تێپەڕاندنی ژیانێکی پڕ لە کارەسات و بێ بەشی و ژێر چەپۆکی دەسەڵاتی خۆسەپێن و دژی ئازادی پاشایەتی لە ئێران دا، ساڵی ۱۳٥·ی کوچی خۆری، تاویان دایە خەبات و ڕاپەڕینێکی تێکڕایی و گشتگیر و جەماوەری. ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینە سەرەڕای زەبر و زەنگ و ڕەفتاری دوور لە مرۆڤایەتی لەلایەن ڕژیمی پاشایەتی و دارودەستە بەکرێگراوەکانی و ڕەفتاری دڕندانەی دام و دەزگای داپڵۆسێنەری ساواک و، شەهید بوونی بەشێکی بەرچاو لە چین و توێژەکانی جەماوەری ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران، لە ڕۆژی ۲۲ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳٥· دا سەرکەوت.
لەم شۆڕش و ڕاپەڕینە گەلی و جەماوریەدا، گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، بەوپەڕی فیداکاری و خۆڕاگریەوە بەشداری له‌‌‌م شۆڕشه‌‌‌دا کرد و لە پێناو بە ئاکام گەیشتنی ئەم ڕاپەڕینە پیرۆز و مەزنه‌‌‌ دا ئاماده‌‌‌ی هه‌‌‌ر جۆره‌‌‌ فیداکاری و تێچووێکی گیانی و ماڵی بوو و توانی ده‌‌‌وری سه‌‌‌ره‌‌‌کی و به‌‌‌رچاو له‌‌‌ سه‌‌‌رکه‌‌‌وتنی ئه‌‌‌م شۆڕشه‌‌‌دا بگێڕێ.

گەلی کورد و ڕۆڵە خەباتگێڕەکانی بە مەبەستی ڕزگاری یەکجاری و گەیشتن بە ماف و ئازادیە نەتەوایەتی و نیشتمانیەکانیان، لە هیچ ئەرکێکی پێویست خۆیان نەبوارد. گەلی کورد پێی وا بوو کە لەسۆنگەی سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە تێکڕایی و ئەم ئاڵوگۆڕە بنچینەییەدا، دەتوانێ شان بەشانی باقی گەلانی ئێران لە ئاوەدان کردنەوە و پێشکەوتن و پێگەیشتنی نەتەوە و نیشتمانە داگیرکراوەکەی دا، بەرەو کاروانی بەختەوری و ڕزگاری یەکجاری دەست لەناودەستی تێکڕای گەلانی ئێران، بەبەختەوەری بگات، به‌‌‌ڵام به‌‌‌داخه‌‌‌وه‌‌‌ لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی ڕژیمی پاشایەتی و گرتنە دەستی جڵەوی ئەم شۆڕشە لە لایەن خومەینی و دارودەستەکەیەوە، سەرەڕای قەول و بەڵێنی بریقەداری ڕێبەری چاوبەست و دژی گەلانی ئێران، ئەو شۆڕشەی کە دەبوو ببێتە هەوێنی بەختەوەری و پێکەوە ژیانی بەرابەری و لە گۆڕنانی ستەم و دیکتاتۆری، بە لاڕێدا برا و تاجی خۆ پەرەستی و دیکتاتۆری پاشایەتی گۆڕدرا بە مەندیلی ڕەشی ئاخوندی عەوام خەڵەتێن و خورافاتی ویلایەتی فەقیە.
خومەینی دڵڕەش و خوێنڕێژ جێگای شای دڕندە و، ئیتلاعات جێگای ساواکی گرتەوە و بە فەرمانی خومەینی دژایەتی عیلم و زانست و پێشکەوتن و زانستخوازان کراو لە دژی گەلی کورد فتوای جیهاد درا و سەر و ماڵ و گیانی گەلی خەباتکار و دژبەری ڕژیمی پاشایەتی بۆ هێزە داگیر و بەکرێگیراوەکانی ڕژیمی تازەبە دەسەڵات گەیشتو حەڵاڵ کرا.
گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بۆ چارەسەری کێشەکان و وەدیهاتنی داخوازی و مافەڕەواکانی، له‌‌‌ ڕێگەی دیالۆگی ئاشتیانە، به‌‌‌ ئامانجی ڕێگری لە شەڕ و ئاوارەیی و ماڵوێرانی لە ڕێگەی نوێنەرانیەوە هەوڵی وتووێژی دا.

خومەینی و دارودەستەکانی لە وڵامی داوخوازیە ڕەواکانی کورد، شەڕیان بەسەر کورد و کوردستان دا سەپاند و وه‌‌‌ڵامی داواکانی کوردیان نه‌‌‌دایه‌‌‌وه‌‌‌. گەلی کورد بۆ دیفاع لە خۆی و بۆ بەدەست هێنانی مافە زەوتکراوەکانی بەناچاری ڕێگەی خەباتی گرتەبەر و لە ماوەی چل و سێ ساڵ تەمەنی ئەم دەسەڵاتە شومە دا، سەنگەری بەرخودان و دژایەتی ئەم دەسەڵاتە ترۆریست و شەڕانگێزەی چۆڵ نەکرد.
سازمانی ئێمە، سازمانی خەبات، ی کوردستانی ئێران ، وەک یەکێک لە لایەنە شۆڕشگێڕ و بە هەڵوێستەکانی گەلی کورد، بە درێژایی ئەو ٤۳ ساڵە، وەک یەکێک لە دژبەرانی سەرسەخت و شێلگیری خەباتی ڕووخانخوازی لە دژی دەسەڵاتی ئاخوندی، شان بەشانی کۆمەڵانی ڕاپەڕیوی کورد، ئاڵای خەباتی نەتەوایەتی و نیشتمانی بە شەکاوەیی لە سەر شان بوە. لە هاندان و پێشتوانی کردنی هەر ڕاپەڕین و جوڵه‌‌‌ێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی جەماوەری لە دژی ئەم دەسەڵاتە بە پێی توانا و بۆ لوان،هەوڵی شایانی داوە. لە دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ دژبەرانی ئەم نیزامە و لایەنە کوردستانی و سەرانسەریە سیاسیەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی دژی ویلایەتی فەقیە، بەتایبەت ئەوانەی کە باوەڕی بێ ئەملاولایان بە ڕووخانی ڕژیم و حەرامکردنی دانووستان لەگەڵی بوە، ڕاستگۆیانە و بە دروور لە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی یەک لایەنانە هه‌‌‌وڵی داوه‌‌‌ و تێکۆشاوه‌‌‌.
جەماوەری مافخواز و شۆڕشگێڕی کوردستان!

گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران!
ئەمساڵ لە کاتێک دا پێدەنێنە ٤۳ هەمین ساڵیادی ۲۲ی ڕێبەندان، کە لە سایەی ڕەفتار و کردوە ترۆریستیەکانی ڕژیم و ئیعدام و شکەنجە و گرتن و زیندانی کردنی چین و توێژەکانی گەلانی ئێران لە لایه‌‌‌ک و قەیرانی ئابووری و بێکاری و گەمارۆ نێونەتەوەییەکان لە سۆنگەی سەرەڕۆیی دەسەڵاتی خوێنڕێژی ئاخوندی و ، ئاژاوە و بشێوی و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و گوێنەدان بە یاسا و ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی لەلایەن ئەم نیزامە دواکەوتوو و شەڕانگێزەوە، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران تووشی نهامەتی و برسیەتی بوونەوە.
نەبوونی ئازادیە کۆمەڵایەتی و تاکەکەسیەکان، داسەپاندنی یاسای توندو تیژی و دژی ئینسانی لەلایەن ڕژیمی ئاخویندیەوە بەسەر خەڵکی لەمەنگەنەدراو و ماف پێشێل کراودا، تێکڕای گەلانی ئەم وڵاتەی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە بۆڕزگاری یه‌‌‌کجاری له‌‌‌و زوڵم و نه‌‌‌هامه‌‌‌تی و هه‌‌‌ژاریه‌‌‌، پێویسته‌‌‌ تاو بدەنە خەبات و ڕاپەڕینی تێکڕایی و یەکگرتوانە و لێبڕاوانە، لە دژی ڕژیم و دەسەڵاتی ئاخوندی.
لە ئێستادا ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینە جەماوەریە کە لە ئاکامی شەهید کردنی شەهید ژینا ئەمینی بەدەستی گۆپاڵ بەدەستانی بەناو پۆلیسی ئەخلاقیەوە کە چوار مانگ لەوە پێش لە شاری تاران ڕوویدا و لە ڕێ و ڕەسمی بەخاک سپاردنی ئەم شەهیدە لە شاری سەقزی سەربەرزی کوردستانەوە هاتە ئاراوە، بە ڕادەیه‌‌‌ک گەلانی ئێرانی لە دژی ڕژیم یەکانگیر و هاو دەنگ و هاو هه‌‌‌ڵوێست کرد ، سەرەڕای ئەوەی کە کۆشکی بێدادی دەسڵاتی ئاخوندی هێناوەتە لەرزە و لە ڕووخانی یەکجاری نزیک کردۆتەوە، دەنگی ڕەوای ڕاپەڕین بۆ نەجات لە دەست دێوەزمەی بێدادی و دابین کردنی ئاشتی و ئاوەدانی و دیموکراسی، گەیاندە گوێی هەموو گەلانی دونیا، بەجۆرێک کە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتان و ناوەندە نێونەتەویەکان و پارلمان و دەوڵاتانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە، ئەم شۆڕشە شۆڕش و ڕاپەڕینی ئازادی و دیموکراسی خوازی و پێشکەوتن و ئاشتییە لە دژی ناڕەوایی و دواکەوتوویی و تیرۆر و ئاژاوەگێڕی له‌‌‌ ئێران و جیهاندا.

یەکڕیزی، هاودەنگی، نەترسی تێکڕای چین و توێژەکانی گەلانی ئێران، بەردەوامی و نەپسانەوەی ئەم شۆڕشە بەگشتی و بەشداری و داشداری ئافرەتان لەم ڕاپەرین و شۆڕشەدا، ڕەمزی سەرەکی سەرکەوتن و بە ئاکام گەیشتنی ئەم شۆڕشە ڕەواو دواڕۆژ ڕوونەیە. بڕیاری نەگۆڕی چین و توێژەکانی گەلانی ئێران بەتێکڕا لە پێناو گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە، بۆتە ئیعتیبار و متمانەی گەلانی جیهان و ناوەندە نێونەتەوییەکان بەم ڕاپەڕینە، هەر بۆیە لە ماوەێکی کەمدا توانیویەتی سەرنجی هەمووان بۆ لای خۆی ڕاکێشێ و هەموو پشتی بگرن و بەچاوی ڕێز و هیوا بە داهاتوێکی پڕ لە ئازادی و ئاسایش و ئاوەدانی بۆ ئێران و ناوچەکە و جیهان لێی بڕوانن.
سازمانی خەبات، ی کوردستانی ئێران، لە ساڵیادی ۲۲ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳٥·ی کۆچی خۆری دا، کە یادی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانە لە دژی نیزام و دەسەڵاتی ڕژیمی ملهوڕی پەهلەوی، پێی وایە کە ،،شۆڕشی ژینا،، دوای تێپەڕبوونی ٤۳ ساڵ، بەردەوامی شۆڕش و ڕاپەڕینی گەلانی ئازادیخوازی ئێرانە لەدژی بێدادی و ستەمی دەسەڵاتی خۆێنڕێژ و مرۆڤ کوژ. شۆڕشی ژینا، ژیلەمۆی ژێر خۆڵەمێشی ئاگری بڵێسەداری شۆڕش و ڕاپەڕینی ساڵی ۱۳٥·ی گەلانی ئێرانە و ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە بە شنەبای یەکڕیزی و هاو مەبەستی و هاوهەڵوێستی گەلانی ئێران سەر لەنوێ گەشاوەتەوە و بۆتە بورکان و ئاگرێکی بەتین و لە گرکانی ڕق و تۆڵەی جەماور بڵێسەی سه‌‌‌ندوە و بارستایی کڵۆشی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیە دەسووتێنێ و لە خۆڵە مێشەکەی قوڕ بۆ سەری هەر دیکتاتۆر و پانخوازو دەسەڵاتێکی ناڕەوا و دژی گەلی، لە ئێرانی دوای ئەم نیزامە دواکەوتوە، دەگرێتەوە.

سازمانی خەبات، ی کوردستانی ئێران، لە ساڵیادی ۲۲ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳٥· دا، وێڕای ڕێز گرتن و پشتیوانی لە تێکڕای چین و توێژەکانی گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی لە ڕاپەڕین و ،،شۆڕشی ژینا،، دا، سەره‌‌‌ڕای داوی هاوکاری و هاو هەڵوێستی و درێژەدان بە ناڕەزایەتی و ڕاپەڕین لە دژی ڕژیمی ئاحوندی، دڵنیایە کە ئەم شۆڕش و ڕاپەڕینە بەئاکامی دڵخوازی خۆی دەگا. بەردەوامی و بەشداری لەم ڕاپەڕینە، ئەرکێکی نەتەوایەتی و نیشتمانی و ئینسانی و ئایینیە و بەسەرکەوتن و بەکام گەیشتنی ئەم ڕاپەڕینە، کۆتایی بە شەوەزەنگی بێ بەشی و نەهامەتی و هەژاری و بێکاری و دواڕۆژ نادیاریە و سەئەنجام گەیشتن بە بەختیاری و ڕزگاریە.
ئەوەی کە بۆ گەلی ئێمە لەم هەل و مەرجە چارەنووس سازە دا جێگای بایەخ و سەرەنجە، لە لاێک بەشداری نەکردن و تەحریم کردنی هەر جۆرە کۆبوونەوە و خۆنواندنێکی ڕژیم و دارودەستەکانیەتی کە بە بۆنەی ساڵیادی ئەو ڕاپەڕینە و بۆ شەرعییەت دان بەخۆی سازیان دەکاو، لە لاێکی تریشەوە زیاتر لێک گرێدانی هاودەنگی و هاوکاری جەماوەر و لایەنە سیاسیەکانە.کە پێویستە هەموو بە ڕۆحی خەمخۆری بۆ نەتەوەو نیشتمان بە دوور لە بیری تەسکی پاوانخوازی و مەسڵەحەتی تاک لایەنانە، لە دەوری یەک کۆوەبین و لە هەر رووداو و پێشهات و بابەتێکی پێوەندیدار بە شۆڕشی ڕەوامان و ماف و ئازایە نەتەوایەتی و نیشتمانیەکانمان، چ لەگەڵ خۆمان و چ بەڕووی دەرەوەدا، هاو هەڵوێست و هاو مەبەست بین.
سەرکەوی خەبات و ڕاپەرینی ژینا، ڕاپەڕینی تێکڕای گەلانی ئێران دژی ڕژیمی ئاخوندی.
بڕووخێ نیزام و دەسەلاتی ویلایەتی فەقیە.
ژن،ژیان،ئازادی
سازمانی خەبات، ی کوردستانی ئێران
۲۲ی ڕێبەندانی ۱٤۰۱ی کۆچی خۆری


1 ساڵ و 9 مانگ و 11 ڕۆژ و 1 کاتژمێر و 43 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ڕاگەێندراوی سازمانی خەبات،ی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ۲۲ی ڕێبەندان

ڕاگەێندراوی سازمانی خەبات،ی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ۲۲ی ڕێبەندان



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن