خەباتمێدیا: وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم لە ڕاگەیندراوێکدا بڵاوی کردەوە و هەواڵی دا کە چەند تیمێکی تیرۆریستی لە دەستپێکی ڕۆژی سێشەممەی کۆتایی ساڵ گرتووه.
بەپێی ئەم ڕاگەیندراوە, وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم ڕایگەیاندوە کە چەند پیلانی چەند لایەنەی لە شارەکانی تاران, مەشهەد و ڕۆژئاوای ئێران پووچەڵ کردۆتەوە.
ئەم وەزارەتە بەدناوە ڕایگەیاندوە کە دەستی گرتۆتە سەر چەندین نارنجۆکی و خومپارەی دەستی و بیسیم. هەروەها لەبەشێکی دیکە لە ڕاگەیندراوەکەدا باسی لەوە کردووە کە چەند لایەنێک بەنیازن کە زەرەر و زەربە لە هێزەکانی ڕژیم بدەن. لە ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە کە ئەم تیمە کە ۲۱ ئەندامی بووه, لە بەندکراوانی ئازاد کراو و دەست و پەیوەندیەکانی سازمانی موجاهدینی خەلقن کە شناسایی کراون و گیراون.
ڕژیمی ئاخوندی ئێران لە ڕێگای میدیاکانی خۆیەوە چەندین جار هەوڵی شانۆگەری بۆ بەدناوکردنی هێزە ئوپوزسیونەکانی دژبەری ئەو دەسەڵاتەی داوەو بەنیازە بەم شێوەیە باس لە هێمنی و ئاسایش لە وڵات بکات. ئەم پیلانانەی ڕژیم لەکاتێکدایە کە زیاتر لە چوار مانگە هێرشی بایلۆژیکی دەکرێتە سەر قوتابخانەکانی ئێران و حکومەت هیچ هەڵوێستێکی جگە لە تۆمەتبار کردنی دەرەکی نییە.