خەباتمێدیا: وەزارەتی دەرەوەی سوید وێڕای ڕاگەیاندنی بانگهێشتکردنی باڵوێزی ئێران لەو وڵاتە، خوازیاری بەرگری لە سزای لەسێدارەدانی هاوڵاتییەکەی حەبیب فەرەجوڵڵا چەعب ناسراو بە حەبیب ئەسیود بوو.
دوابەدوای پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی حەبیب ئەسیود لە دادگای باڵای ئێران، ماڵپەڕی حکومەتی سوید ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ۱۴۰۱ی هەتاوی, ڕایگەیاند کە باڵوێزی ئێران لە ستۆکهۆڵمی ڕۆژێک پێشتر و لە ۲۳ی ڕەشەممە, بانگهێشت کردووە، و ناڕەزایەتی حکومەتی سوید لەسەر سەپاندنی سزای لەسێدارەدانی بۆ سەر ناوبراویان پێی ڕاگەیاندووت.
لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەدا هاتووە کە حکومەتی سوید داوای کردووە سزای لەسێدارەدان جێبەجێ نەکرێت.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا پێداگری لەوە کراوەتەوە کە سوید هەڵوێستی هاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە هەر جۆرە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە هەر شوێنێک جێبەجێ بکرێت دووبارە دەکاتەوە.
ئەم وەزارەتە هەروەها داوای خۆی بۆ دەستڕاگەیشتن بە کونسوڵگەری بە حەبیب چەعب دووپات کردووەتەوە کە پێشتر تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید بە وەزیری دەرەوەی ئێرانی ڕاگەیاندبوو.