خەباتمێدیا: زێنەب مەولاییڕاد دایکی شەهید کیان پیرفەلەک بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینێستاگرام کاردانەوەی بەرامبەر فشارەکانی دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژیم لەسەر بەهمەن بەهمەنی نیشان دا کە دەیانهەوێت بەرامبەر بە کوشتنی کیان دانپێدانانێکی بەزۆریی لەسەر ساغ بکەنەوە و تیرۆریستەکانى خۆیان بەم جۆرە ڕزگار بکەن.
خاتوو زێنەب نووسیویەتی: بەهمەن برای منە. من دایکی کیان هەرگیز هیچ کەسێک قبوڵ ناکەم کە (ڕژیم) وەک بکوژ دەیانناسێنیت. بۆ دەتەوێت خێڵ و عەشیرەتەکان لە یەکترى بەردەیت؟ موجاهید، حوسێن، مەحمود، ئێستاش بەهمەن... دەتانەوێت چەند کەس بناسێنن، دەى ئاماژەیەکیش بدەن بە تۆمەتبارەکان، زۆر دوور مەکەونەوە.
خاتوو زێنەب بەگاڵتەجاڕییەوە زیادی کرد: باشە دوای دوو سەعات ، ترۆریستانتان لە سنووری ماکۆ گرت کە ٢٤ سەعات لە ئیزەوە دوورە!
بەهمەن بەهمەنی یەکێکە لەو کەسانەی کە بە تۆمەتی کوشتنی کیان پیرفەلەک گیراوەو بە "موفسد فی الأرض" تۆمەتبار کراوە. لە ماوەی گیرانی, ناوبراو چەندین جار لە زیندانەوە گواستراوەتەوە بۆ ئیدارەی ترۆریستی ئیتلاعات بۆ ئەوەی بە فشار و ئازار و شکەنجە بەرپرسیاریەتی کوشتنی کیان بگرێتە ئەستۆ و دانپێنانى ناچارى و بەزۆریى پێ پڕ بکەنەوە. ناوبراو یەکێکە لەو یازدە زیندانیانەی کە لە دووهەمین ڕۆژی مانگی ڕەشەممەوە تا ئێستا دژ بە بێ چارەنووسى خۆى لە زیندانی شیبانی ئەهواز مانی لە خواردن گرتووە.