شۆڕش حاجی
لە یەک دوو حەوتووی رابردوو پاش بلاو بوونەوەی مەنشوری سیاسی گرووپی 6کەسی کە زیاتر بە مەنشوری رەزا پەهلەوی ئەناسرێ، مشتومرێک لەسەر ناوەرۆکی مەنشورەکە و خاڵە بەهێز و لاوازییەکانی درووست بووە و ئەوپرسیارەی دووبارە هێناوەتە ئارا کە کورد لەکوردستانی ئێران وەک یەکەێکی نەتەوەیی چی دەوێ و ویست و مافەکانی چین؟
لە وەڵامێکی گشتی و کۆنکرێت دا ئەبێ بوترێ کورد سەرجەم مافە سیاسی، ئابووری، کۆمەلایەتی، فەرهەنگی و شارومەندییەکانی لە چوارچێوەێکی جێگەی پەسەند و رە خساو دەوێ. رێژە و ئاستی هەرکام لەو مافانە بە شێوەی تەوافقی و رێکەوتن ئەبێ و ئەوە تا ئێستا ئەبیندرێ لە جولانەوەی رزگاریخوازی کورد دابین بوونی سەرجەمی ئەو مافانە لە چوارچێوەی وەلاتی ئێرانی دیموکراتێکە کە هاوتەریبی پێوەرە باوە مرۆییەکان و یاسا و میساقە نێونەتەوەییەکان بێ.
لەچاوخشاندنێکی سەرەتایی بەو مەنشورەی رەزا پەهلەوی بەجوانی دەرئەکەوێ کە سەرەرای گشتاندنی باسەکان و کوللی گوییەکانی نەیتوانیوە مافە سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتیەکانی کورد وەک پێکهاتەێکی گرینگی ئێران وێنا بکات و لە ژێر سێبەری ئاماژەدان بە سیستەمی دیموکراتێک و مافی شارۆمەندی هەولی نەکردنەوەی باسەکان و نەچوونە ناو وردکارییەکان دراوە و ئەو ترسە لە چیەوە سەرچاو ئەگرێ و بۆچی هەتا ئێستا لە کردنەوەی ئەو باسانە ترسێک بوونی هەیە جێگەی تێرامان و لێوردبوونەوەیە. جیاواز لە هەموو کەمو کورییەکانی ئەو مەنشورە بە باوەری من بەهیچ شێوەێک نابێ کورد پشت ئەستوور بێ بە مەنشوری بێناوەرۆکی پەهلەوی و دلی پێخۆش بکات.
سازمانی خەبات ی کوردستان زۆر بە روونی هەڵویستی لەسەر پرۆژەی پەهلەوی پیشان داوە وهەر جۆرە رێکەوتن و شوین کەوتنێکی نابراو بە زیان بە جوڵانەوەی رزگاریخوازیی گەلی کورد ئەزانێ و لەبەارنبەریش دا پێداگری لەسەر پر نیوەرۆک بوونی پرۆژەی 12خاڵی شۆرای میللی موقاومەتی ئێران لەچوارچیوەی دابین بوونی مافەکانی نەتەوەی کوڕد دەکات. جیاواز لەوەی پرۆژە 12خاڵیەکە خاڵی یەکجار باش و پڕ نیوەرۆکی تێدایە و پێناسەی دیاریکراوی بو مافی سیاسی و ئابووری وکۆمەلایەتیەکانی کورد بە روونی باس کردووە بوێری و نەترسی لە کردنەوەی بابەتی کێشەی نەتەوەیی جێگەی دل پێ خۆشبوونە. شۆرای میللی موقاومەت زۆر بە روونی تەعریفی ماف و ویستی کورد لە چوارچیوەی وەلاتی ئێران ئەکات و سەرجەمی مافە ئینسانی و نەتەوەیی و حقوقیەکانی پێ رەوا ئەبینێ.
کورد ئەبێ بەهەستیاریەکی زیاترەوە لەو پرسە بڕوانێ و دوای تاقیکراوەکان نەکەوێتەوە و پرۆژەی گەورەکردنەوەی هێندێ کەسی شێوە ئۆپوزسیون کاریگەری لەسەر دانەنێ و بە روون و ئاشکرا خاوەنداریەتی لە ماف و ویستە مەشروعەکانی بکات. جیاواز لەوەش ئەوەی جێگەی بایەخ و گرینگیە رێخستنەوەی ناو ماڵی کورد خۆیەتی و ئەرکێکی مێژوویی لەسەر شانی حیزب و ریکخراوە کوردستانیەکان بوونی هەیە و پێویستە بە زووترین کات لەچوارچێوەی بەرەێکی بەرفراوانی کوردستانی یەکگرتویەکی واتادار پێکبێنن و خۆیان بۆ قۆناغە هەستیارەکانی داهاتوو ئامادە بکەن.