خەباتمێدیا: بەپێی ڕاپۆرتێکی حال وش، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٢ی خاکەلێوە لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی بەکرێگیراوانی بنکەی پۆلیسی ١٢ و یەکەی فریاگوزاری لە میحوەری چابەهار, ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری سووتەمەنی تووشی ڕووداو و ئاگری گرتن دەبێ کە لە ئاکامی ئەم جینایەتەدا شۆفری ئۆتومبیلەکە بە ناوی تاریق جەرەست، کوڕی ساحیبان و خەڵکی گوندی رەمین، سەر بە شاری چابەهار لەناو بڵێسەی ئاگردا گیان ئەدات.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سەعاتی ٢:١٠ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بەکرێگیراوانی بنکەی پۆلیسی ١٢ و یەکەی فریاگوزاری ڕژیم لە گوندی تیس کۆپان نووک ئاباد کە ٧ کیلۆمەتر لە چابەهارەوە دوورە، بەدوای ئۆتۆمبێلێکی پژۆ هەڵگری سووتەمەنیدا کەوتوون، کە بووە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە و تەقینەوەی. شایانی باسە بکەرانی ئەم جینایەتە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕا و ئاگری گرت بەبێ گوێدان بە بەسەرهات و چارەنوسی ئەو کاسبکارە شوێنەکە بەجێی دەهێڵن. .