خەباتمێدیا: ڕەشنووسی بڕیارنامەی "دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران" بە ٢٣ دەنگی بەڵێنی ئەندامانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دژ بە ڕژیمی ئاخوندی ئێران پەسەند کرا.
لە دانیشتن و دەنگدانی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٤٧ وڵات ئامادەبوون، کە لەو ژمارەیەش ٨ وڵات دژی ئەم بڕیارنامەیە و ١٦ وڵاتی دیکەش دەنگی بێلایەن یان دا.
لەم دانیشتنەدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خاکەلێوه بەڕێوەچوو، ئەرکی جاوید ڕەحمان، وەکوو ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، بۆ ماوەی ساڵێکی دیکەش پەسەند کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی "ئاژانسی فرانس پرێس"، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەم کۆبوونەوەیەدا زیادبوونی ژمارەی ئێعدامەکان لە وڵاتی ئێران و بە تایبەت ئێعدام کردنی ناڕازییانی گیراو لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم وڵاتە بە دەستی دەسەڵات دارانی ڕژیمی ئاخوندییان مەحکووم کرد و لەم بارەیەوە نیگەرانی خۆیان دەربڕی.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئەم بڕیارنامەیە ڕاپۆرتی لە مەحکوم کردنی توندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێرانی داوە.
یەکێتی ئەوروپا، ئەڵمان، ئۆکراین, فەرەنسە, ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بریتانیا، شیلی و فینلاند لەو وڵاتانە بوون کە دەنگی بەڵێنی یان بە ئەم بڕیارنامەیە دا.