خەباتمێدیا: عەبدولحەمید ئیسماعیلزهی، ئیمامی هەینی مزگەوتی مەکی زاهیدان، ڕەخنەی لە "ناکارامەیی کارگێڕان" لە ڕژیمی ئاخۆندی ئێران گرت و ڕایگەیاند کە زۆرینەی خەڵک دژی شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتن.
ئیسماعیل زهی ڕۆژی هەینی ١٨ی خاکەلێوە لە وتاری نوێژی هەینی خۆیدا لە زاهیدان ڕایگەیاند کە داواکاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو وڵاتەدا ڕێکارێکە بۆ جێبەجێکردنی خواستی "زۆرینەی گەلان"ی ئێران.
ناوبراو وێڕای پێداگری لەسەر ئەوەی کە "لایەنگەری مەزهەبی و دەستەبەندی" لە ئێراندا گەیشتوونەتە "بنبەست"، وتی گۆڕینی ڕێوشوێنەکان وەک گۆڕینی وەزیر و بەڕێوەبەران"ی، بە ناتەواوی زانی و وتی کە گۆڕانکاری بچوک کێشەکانی وڵات چارەسەر ناکەن و کێشەی خەڵک گۆڕینی بنەڕەتی و بناغەیی لە دەسەڵاتدایە.
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی زۆرتری ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران، حکوومەتی ئەم وڵاتە هەندێک بەرپرس، لەوانە پارێزگاری سیستان و بەلوچستان و فەرماندەیی پۆلیسی ئەم پارێزگایە گۆڕاوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئیسماعیلزهی ئاماژەی بەوەدا: "ئەوانەی بەرپرسن پێویستە بزانن وڵات بە بەڕێوەبەرانی ئێستا بەڕێوەناچێت".