خەباتمێدیا: شەپۆلی دووهەمی هێرشی شیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچانی وڵات کە لە دوای پشووی نەورۆز دەستی پێکردووە، بەردەوامە و ڕاپۆرتی نوێ سەبارەت بەو هێرشانە لە قوتابخانەکانی سەقز بڵاوبوونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵییە ئاگادارەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ ی خاکەلێوە، لانیکەم هێرشی شیمیایی کراوەتە سەر شەش قوتابخانەی کچان لە شاری سەقز.
به پێی ئەم ڕاپۆرتانە، خوێندنگاکانی دواناوەندی کچانەی تاڵقانی، میعراج و سمەییه, چەند خوێندنگایەک بوون کە ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەریان و بەو هۆیەوه زۆرێک لە خوێندکاران توشی تێکچوونی تەندروستی بوون و بۆ نەخۆشخانەکان گوازرانەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریەکان بە هۆی کۆبونەوەو ناڕەزایەتی خانەوادەی خوێندکاران و خەڵکی ئەو شارە, هێزی تایبەت لەسەر شەقامەکانی ئەم شارە جێگیرکراون و خەڵک دروشمی دژە حکومەت دەڵێنەوە".
لە هەمان کاتدا هەژماری تویتەری "۱µ۰۰ وێنە" نووسیویەتی دوای ئەوەی قوتابییان لە قوتابخانەی میعراجی کچانی سەقز هێرشی شیمیایی کرا سەریان "خەڵک لە بەردەم قوتابخانە کۆبوونەوە و دروشمی مەرگی خامنەیییان وتەوە."
هەندێک سەرچاوەی هەواڵی هەروەها باسیان له بەرەوڕووبونەوەی خەڵکی ناڕازی و دایک و باوکی قوتابیان له بەردەم قوتابخانەی کچانی میعراج لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکان کردووه و ڕایانگەیاندووه که دوابه دوای ئەم گرژییه "هێزه سەرکوتکەرەکان تەقەیان لە خەڵک کردوەو چەند هاووڵاتییان گرتووەو ڕێگاکانی شەقامی شەهناز کە قوتابخانەکەی لێیە داخراون. بەپێی سەرچاوەی خەباتمێدیا, تەشکیلاتی شاری سەقزی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بەم هۆیەوە بڵاو کردەوەو تێدا داوای لە خەڵکی شاری سەقز کرد ئەمڕۆ لە مەیدانی هەڵۆی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایی پێک بێنن و بەیانی ۲۱ی خاکەلێوە بایکۆتی خوێندنگاکانی ئەو شارە بکەن.