خەباتمێدیا: بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئاگادارەکان، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە مێهدی ڕەحمەتی و ئەفشین فەلاحی دوو لاوی کۆڵبەری خەڵکی سەقزی کوردستان کە بڕیار بوو لە زۆرخانەی ئەم شارە بەڕێوە بچێت، لە لایەن مەسعوود یاعەلی بەرپرسی لێژنەی وەرزشی زۆرخانە و یەکێک لە مۆرە خۆفرۆشەکانی ئیتلاعاتی ڕژیم, هەڵوەشایەوە.
بە گوێرەی زانیتری سەرچاوە ئاگادارەکان، مێهدی ڕەحمەتی وەرزشکار و ماوەی دوانزە ساڵ ئەندامی زۆرخانەی ئازادگانی شاری سەقز بووە.ئەفشین فەلاحی تەمەن ٢٢ ساڵ و مێهدی ڕەحمەتی ٢٣ ساڵ بە هۆی کەمینی هێزە تیرۆریستییەکانی سپای پاسدارانی ڕژیم کە لە ڕێگای کۆڵبەران داندراوبوو، ناچار بوون لە بەنداوی عەباس ئابادی بانە بپەڕنەوە و بەو هۆیەوە گیانیان دا و تەرمەکانیان پاش ۱۰ ڕۆژ لەو بەنداوەدا دۆزرایەوە.