خەبتمێدیا: لە درێژەی بەردەوام بوونی قەیرانی دابەزینی نرخی ڕیالی ئێران، ئەندامێکی پەرلەمانی ڕژیم پێشنیاری کرد کە دۆلار لە خەڵک کۆبکرێتەوە و لەبری ئەوە ڕیاڵیان پێبدرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی "رۆییداد ۲۴"، ڕۆژی چوارشەممە ۳۰ی خاکەلێوەی ۱۴۰۲ی هەتاوی، جەواد حوسەینی کیا، ئەندامی کۆمیسیۆنی پیشەسازی و کانگاکان لە پەرلەمانی ڕژیم ڕایگەیاند: "پێویستە حکومەت متمانەی خەڵک بەدەستبهێنێت و دۆلاری ناوخۆ کۆبکاتەوە و لەبری دۆلار, ڕیاڵیان پێبدات".
حوسەینی کیا ئاماژەی بەوەکرد کە خەڵک دەتوانن کاتێک دۆخی دەوڵەت باشتر بوو پارەکانیان لە حکومەت وەربگرنەوە، ناوبراو هەروەها لە درێژەدا وتی دەتوانین لە بواری بابەتی زێڕیش هەر بەم شێوەیە گۆڕانکاری پێی بکەین".
قسەکانی ئەم ئەندام پەرلەمانە و بیرۆکەی کۆکردنەوەی دۆلار لە خەڵک لە کاتێکدا دەکەوێتە بەر باس کە محەمەد ڕەزا فەرزین، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران لە ٢٢ی خاکەلێوەدا ڕایگەیاند کە "نزیکەی ١٦ ملیار دۆلار لە دەستی خەڵکدایە، بەڵام ئێمە ئامارمان دروستی سکەی زێڕمان نییە.