وەزارەتی ترۆریستی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئاخوندی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا لە ڕۆژی هەینی ٨ی بانەمەڕ, ئەنجامی کۆتایی بەدواداچوونەکانی ئەم دامەزراوە ترۆریستیە ڕایگەیاند کە, ترس هۆکاری سەرەکی تێکچوونی تەندرووستی خوێندکارانە ئەوەش بۆتە هۆی زیادبوونی ژەهرخوارکردنی زنجیرەیی لە قوتابخانەکانی کچان لە وڵاتەدا.
لەم ڕاپۆرتەدا کە نزیکەی شەش مانگ دوای ڕوودانی گوماناوی ژەهرخوارکردن بە گاز لە قوتابخانەکاندا بڵاوکراوەتەوە و بەناوی بەیاننامەی ڕوونکردنەوەی وەزارەتی ئیتلاعات، هاتووە کە "ماددەی ژەهراوی لە هیچ کام لە قوتابخانەکانی ووڵاتدا بڵاونەکراوەتەوە; بەڵام ئەو ماددە ژەهراویانەی کە بوونەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ بەبێ ئاگاداری یان بە مەبەست بەکارهێنراون”.
ئەم بانگەشەیە لەو چوارچێوەیەدا دەکرێت کە چەند مانگی ڕابردوودا و بە تایبەت لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا، سەرهەڵدانی ژەهرخوارکردنی زنجیرەیی لە قوتابخانەکانی ئێران لە لوتکە بووە و زۆربەیان کچانن، وەزیری تەندروستی ڕژیمی ئاخوندی دانی بەوەدانابوو ئەنجامی توێژینەوە تاقیگەییەکان تا ئەو کاتە ژەهرێکی سووکی لە بڵاوبوونەوەی گازەکاندا دەرخستبوو.