خەباتمێدیا: ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢٢ی بانەمەڕ ڕایگەیاند کە بەهۆی "بەرزبوونەوەی هەڕەشەکان"ی ئێران لە دژی کەشتیوانی لە ئاوەکانی ناوچەی کەنداو، ئەو وڵاتە هێزی سەربازیی یارمەتیدەری زیاتر بۆ ئەم ناوچەیە کە دەوڵەمەند بە نەوتە, دەنێرێت.
ئەم کردەوە دوای ئەوە ڕوودەدات کە تاران دەستی بەسەر دوو کەشتی نەوتهەڵگردا گرتووە لە ئاوەکانی کەنداو کە یەکێکیان بەرەو ئەمریکا دەڕۆیشت.
بەپێی ڕاپۆرتی "ئەلعەرەبیە"، جان کربی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە کە "وردەکارییەکانی ئەم بەهێزکردنە لە ڕۆژانی داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە"، و ڕایگەیاندووە: وەزارەتی بەرگری زنجیرەیەک کردەوەی ئەمنی بۆ بەهێزکردنی پێگەی بەرگریمان جێبەجێی دەکات".