خەباتمێدیا: محەممەد حسێن ئاجورلو، هاوسەری نیلوفەر حامیدی، تویتێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی ئەم ڕۆژنامەنووسە زیندانییە بە شێوەیەکی تایبەت و بە سەرۆکایەتیی جەلادی دادوەری ڕژیم سەلەواتی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی:
یەکەمین دانیشتنی دادگای نیلوفەر حامیدی ڕۆژی ۹ی جۆزەردان لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی دەسەڵات بە سەرۆکایەتیی قازی جەلاد سەڵەواتی بە نهێنی بەڕێوەچوو. بەپێی زانیاریەکان لەم دیدارەدا نیلوفەر هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و پێداگری لەوە کردەوە کە وەک ڕۆژنامەنووسێک لە چوارچێوەی یاسادا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هیچ هەنگاوێکی لە دژی ئەمنیەتی ڕژیمی ئێران نەگرتووەتەبەر.
لەم کۆبونەوەیەدا ڕێگا نەدرا ئەندامانی بنەماڵە ئامادەبن و پارێزەرانی دۆسیەکەش دەرفەتی بەرگریکردنیان پێ نەدرا. دادگاییکردنی نیلوفەر حامیدی کەمتر لە دوو کاتژمێری خایاند و لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەرییەوە وێنەی گیرا. لە کۆتاییدا درێژەی دانیشتنەکان دواخرا بۆ دانیشتنەکانی داهاتوو کە هێشتا وادەی دانیشتنەکە دیار نییە.