خەباتمێدیا: مۆنا بەختیاری، خوشکی پوویا بەختیاری کە لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨دا کوژرا، ڕایگەیاند کە لە لایەن دادگای ئینقلابی ڕژیم زەنجانەوە بانگهێشت کراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی جۆزەردان، خاتوو مۆنا بەختیاری لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام وێنەی بانگهێشتنامەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی; دوای ئەوەی نامەیەکی کورتی لە دادگای شۆڕشی زەنجانەوە پێگەیشت لە بانگهێشت کردنی بۆ دادگا ئاگادار کراوەتەوە. مۆنا بەختیاری دوو ڕۆژ لەمەوبەر، دوای ئەوەی بەرپرسانی زیندان ڕێگرییان لێکرد لە چاوپێکەوتنی ناهید شیربیشەی دایکی لە زیندانی زەنجان، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەوە، ناڕەزایی دەربڕی.
مۆنا بەختیاری ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی زیندان ڕێگەیان نەداوە خاڵیشی کە ۴۰۰ کیلۆمەتر ڕێگەی بڕیبوو، چاوی بە خوشکەکەی بکەوێت.