خەباتمێدیا: شۆرای هاوئاهەنگیی سێنفیی مامۆستایان لە کاناڵی تێلێگرامی خۆیاندا باسیان لەوە کردووە: شۆرای دابینکردن و پارێزگاریی ڕژیم لە سنە لە کردەوەیەکی قێزەوندا، لەبری ئەوەی بەدواداچوون بۆ داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایانی کوردستان بکەن، لەژێر فەرمانی دامودەزگا ئەمنییەتییەکان، بە شێوازی جیاواز چالاکان سەرکوت دەکەن.
هەروەها باس لەوە کراوە کە دۆسییەسازی لەنێو سیستمی دادوەری و دۆسییەکانی هەیئەتی سەرپێچییە ئیدارییەکان، جێبەجێنەکردنی پلەبەندیی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان و جێبەجێکردنی مادەی ٣٣ی یاسای سەرپێچییە ئیدارییەکان بۆ خانەنشینان لە کردەوەکانی دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕژیم و شۆرای دابینکردنە.
شۆرای مامۆستایان وریایی بە دەسەڵات داوە کە پشتگوێخستنی داواکاریی مامۆستایان و تۆمارکردنی دۆسییەسازییەکان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، نەتەنیا نەبووەتە هۆی پاشەکشەی مامۆستایانی ناڕازی، بەڵکوو هەر جارێک یەکگرتووتر بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانیان هەنگاویان هەڵگرتووە.