خەباتمێدیا: سازمانی موجاهیدنی خەلق ڕایگەیاند کە هەزار کەس لە هێزەکانی پۆلیسی ئالبانی هێرشیان کردووەتە سەر کەمپی ئەشرەفی ٣ی ئەو ڕێکخراوەیە و بەو هۆیەوە یەکێک لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە گیانی داوە.
سازمانی موجاهیدنی خەلق بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ ی جۆزەردان، نزیکەی هەزار کەس لە هێزەکانی پۆلیسی ئالبانی هێرشیان کردووەتە سەر ئۆردووگای ئەو ڕێکخراوەیە و زۆرێک لە دەرگا و پەنجەرە و شتومەکەکانیان شکاندووە و بە گازی فرمێسکڕێژ پەلاماری دانیشتووانی ئەو کەمپەیان داوە.
سازمانی موجاهیدنی خەلق ڕایگەیاندووە کە دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران داوای ئەو هێرشەی کردووە، بەڵام هیشتا بەرپرسانی ڕژیمی ئاخوندی ئێران لەو بارەوە کاردانەوەیەکیان نیشان نەداوە.
لەم پێوەندییەدا وەزارەتی نێوخۆی ئالبانی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا، هێرشی پۆلیسی ئەو وڵاتەی بۆ سەر کەمپی ئەشرەف پشتڕاست کردەوە.