خەباتمێدیا: موجتەبا هیممەتیفەر، سەرۆکی ڕێکخراوی نیشتمانیی پەروەردە و ڕاهێنانی منداڵان، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیا نێوخۆییەکان ڕایگەیاند: بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، نزیکەی ٥٠ هەزار منداڵی پۆلی یەکەم کە یەکسانە بە لەسەدا سێی سەرجەم قوتابیانی پۆلی یەکەم، ساڵی ڕابردوو دەرنەچوون.
ناوبراو هەروەها وتی: ئەو خوێندکارانە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچە دوو زمانەکانی ئێران دەژین و یەکێک لە هۆکارەکانی شکستهێنان لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی ئەوەیە کە منداڵان ئامادەییی چوونە پۆلی یەکەمیان نییە.
شکستی ئەکادیمی و لێکەوتە دەروونییەکانی تەنیا یەکێکە لە کێشە پەروەردەییەکانی منداڵانی غەیرە فارس.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە زۆرێک لە چالاکانی مەدەنیی غەیرە فارس لە ئێران لەوان کورد، تورک، بەلووچ، عەرەب و هتد، بە هۆی وانەوتنەوە و داواکاریی لە پەروەردە بۆ خوێندن بە زمانی خۆیان لە وڵاتی خۆیاندا، ڕووبەڕووی سەرکوت، گرتن و شکەنجە بوونەتەوە.