خەباتمێدیا: گرووپی ماڵیی (اف ای تی اف) ڕایگەیاند کە ڕژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی ئەو ڕێکخراوەدا ماوەتەوە و داوای لە ئەندامانی ئەو گرووپە کرد کە هەموو پێوەندییە دارایی و بازرگانی و بانکییەکانیان لەگەڵ کەسانی ئاسایی و یاسایی ڕژیمی ئێران بۆ هەڵسەنگاندنێکی وردتر سنووردار بکەن.
ئەم گرووپە لە کۆبوونەوەی نوێی خۆیدا ڕایگەیاند بەهۆی ئەوەیکە ڕژیمی ئاخوندی کۆنوانسیۆنی پالێرمۆ و سیئێفتیی پەسەند و جێبەجێ نەکردووە، ڕژیمی ئێران هاوشانی کۆرەی باکوور و میانمار لە لیستی بەرپەرچدانەوەی ئەم ڕێکخراوەدا دەمێنێتەوە.
ئەم گرووپە ماڵییە پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە بارودۆخی ڕژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠ ٢٠ ـەوە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و تا ئەو کاتەی بەرنامەی ئەو گرووپە تەواو نەکات، لە لیستی ڕەشدا دەمێنێتەوە.