بە بۆنەی جێژنی قوربان جێژنی گەورەی ئیسلام پیرۆزبایی بە هاونیشتمانیانی موسڵمان لە کوردستان، ئێران و جیهان پێشکەش دەکەم.
لە کاتێکدا جێژنی قوربان پیرۆز دەکەین کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانیانی کوردستانی ئێران و نەتەوەکانی دیکەی ئێران ڕۆڵەکانیان بە گوللەی بەکرێگیراوانی ڕژیم لە شەقامەکاندا و لە زیندانەکانی ڕژیمی ئاخوندی بە بێ تاوان شەهیدکراون.
هەروەها دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی، زۆری بۆ مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لە کوردستان و بلوچستان هێناوەو ژمارەیەک لەمامۆستایانی نیشتمانپەروەرو دڵسۆزی زیندانی کردوەو حوکمی ناڕەوای بەسەردا سەپاندوون.
ئاشکرایە ڕژیمی دیکتاتۆری لە ئێران و دەسەڵاتدارە سەرکوتگەرو جینایەتکارەکانی، ڕێگەنادەن گەلانی ئێران ئاسودەیی و ئازادی ببینن و خۆشی لە بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکان بەڕێوە بەرن. ئەو دەسەڵاتە دژی تێکڕای پێکهاتەو باوەڕەکان لە ئێراندایەو هیچ بنەمایەکی ئایینی و ئینسانی و دیموکڕاسی نیەو تەنیا بە زوڵم، ستەم و جینایەت درێژە بە حوکمی ناڕەوای دەدا.
لە گەڵ پیرۆز بایی دووبارەم بە بۆنەی جێژنی قوربان، داوا لە هاونیشتمانیان و بە تایبەت مامۆستایانی نیشتمان خۆشەویست و میللەت خۆشەویستی ئایینی ئیسلام دەکەم لە ووتارو خوتبەکانی نوێژی جێژنی قوربان دا، سیاسەتی چەپەڵ و دژی ئینسانی و دژی ئیسلامی ئاخوندە دەسەڵاتدارە ستەمگەرەکان لە قاو بدەن و بەردەوام بن لە پێشەنگیی جەماوەری کوردستان و ڕێنوێنی کردنیان بۆ حەوانەوەو ئاشتیخوزای کۆمەڵایەتی و دووریکردن لە توندو تیژی فکری و مەزهەبی.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
6 ی پووشپەڕی 1402 کۆچی خۆری