هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات
هاونیشتمانی تێکۆشەر!
کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان!
تێکۆشەرانی رێگەی ئازادی!
هێزو لایهنه سیاسیهکانی ئێران و کوردستان!
بە خۆشیەوە پێتان ڕادەگەێنین پلنیۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەبات بەرێوە چوو. رۆژی یەکشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی کۆچی خۆری، بە ئامادە بوونی بەرێز کاک بابەشێخ حوسەینی سکرتێری گشتی و بەشداری تێکڕای ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی، پلنیۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەمی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بەشێوەیەکی سەرکەوتوو کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
سەرەتای کاری پلنیۆم بە دەقیقەیەک بێ دەنگی و فاتیحهیهک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و شەهیدانی ڕێگەی ئازادی بەتایبەت شەهیدەسوور خەڵاتەکانی سازمانی خەبات و رێبەری نەتەوەیی و دامەزرێنەری سازمانی خەبات جەنابی مامۆستا سەید جەلالی حوسەینی دەستی بە کارەکانی کرد.
لە سەرەتادا رێزدار کاک بابەشێخی حوسەینی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات راپۆرتێکی سیاسی لەبارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی جیهان، ئێران و کوردستان پێشکەش بە پلنیۆم کرد. لە راپۆرتەکەی بەرێزیاندا تیشک خرایە سەر هەڵوێستی ئەم دواییانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ناردنی هێز بۆ کەنداوی فارس و هەوڵە دیپلۆماسیەکانی ئەو وەلاتە،بە مەبەستی سەپاندنی گەمارۆ و فشاری هەمە لایەنە بۆ سەر رژیمی ئاخوندی و ئەگەری سەرهەڵدانی نارەزایەتی گشتی لە ئێران وئاڵۆزی لە ناوچەکە زانرا و روخانی رژیم بە ئەگەرێکی بەهێز داندرا.
لە راپۆرتی کاک بابەشێخ بە وردی ئیشارە بە هەڵوێستی یەکیەتی ئوروپا و ڕوسیە و هاودەنگیان لەگەڵ ئەمریکا کراو و پێێ وابوو کە ئەو هەڵوێستانە دەرخەری کاریگەریی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە حاست رژیم و جیددیەتی ئەو وەڵاتە بۆ پێمل کردنی دەسەڵاتی ئاخوندی بە ویستەکانی ئەمریکایه.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتە سیاسیەکهی بەرێز سکرتێری گشتی، لهمهڕ کاریگهریهکانی سیاسەتی ئەمریکا لەبەرانبەر رژیم و پەکخستنی بەشێکی زۆر لە سیاسەتە دژی ئینسانیەکانی ئەو دەسەڵاتە، ئاماژه به هەڵاوسان و دارمانی کەرتی ئابووری رژیم کراو، دۆخی خەڵکی ئێران و کوردستان بەشێویەکی ورد خرایه بەر باس.
سکرتێری گشتی سازمانی خهبات، ڕێژیمی ئاخوندی و تێکڕایی باند و باڵ و ئورگانەکانی ئەو رژیمەی به هۆکاری تێکڕایی ئهو قهیران و کێشانه زانی که بهرۆکی خهڵکی ئێران و کوردستانی گرتۆتهوه.
دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری خەڵکی کوردستان، بەشێکی گرینگی راپۆرتە سیاسیەکەی بەرێز سکرتێری گشتی سازمان بوو. کۆتایی هاتن به نههامهتی و کیشهو قهیرانهکانی کۆمهڵانی خهڵک تهنها به نهمانی دهسهڵاتی ئاخوندان زاندرا. راپەرین و نارەزایەتی سەرانسەری جەماوەری، دژی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆر و گەندەڵەو پشتیوانی نێونەتەوەیی لە شۆرای ملی مقاومەتی ئێران بە رێگەیەکی گرینگ و چارەنووس ساز زانرا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی سکرتێری گشتی دا باس لە گرینگی هاوپەیمانی مێژوویی سازمانی خەبات و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و ههماههنگی زیاتر لە پێناو خەبات لە دژی ڕژیمی ئاخوندی و گەیشتنی گەلی کورد بەمافەکانی و سەقامگیری لە ئێراندا کرایهوه.
سکرتێری گشتی باسی له هاوکاری و تهبایی هێزه سیاسیهکانی کوردستانی ئێران لە پێناو داهاتویێکی گەش بۆ گەلی کورد و ئارامی و ئۆقرەیی بۆ ئێران کرد و لهم پهیوهندیهدا بانگی سەرجەم هێز و،لایەنەکانی کوردستانی ئێرانی کرد، تا لەسەر بنەماکانی، ١.رووخانی دەسەلاتی ئاخوندی ٢. دەستبەرکرانی مافە نەتەوەییەکان گەلی کورد ٣. بەرێوەبەریی داهاتووی کوردستان لەسەر بنەمای دیموکراتیک و سێکۆلار، هەوڵ بۆ درووست کردنی بەرەێیکی واقعی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران بدەین و خەباتی نەتەوەیی گەلەکەمان بەهەست بە بەرپرسایەتی زیاتر بەرەوپێش ببەین.
ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، وێڕای سەرەنج و تێبینی لەسەر راپۆرتەکەی سکرتێری گشتی، بە تێکرای دەنگ پەسەندیان کردو چووە دەستووری کاری پلنیۆم.
پلنیۆمی چوارەمی سازمانی خەبات تاووتووێی نارەزایەتیەکانی ناوخۆی ئێرانی بە وردی کرد و پشتیوانی خۆی بۆ تێکرای داوا رەواکانی خەڵک بەتایبەت ویستی جەماوەر بۆ روخانی رژیمی ئاخوندی دەربری و داوای کرد کە چالاکانی ناوخۆ و چین و تووێژەکان، جیدی تر لە رابردوو لە بەرامبەر سیاسەتەکانی رژیمدا بوێستنەوە. رژیم لە هەر دەمێکی دیکە زیاتر لە روخان نزیک بووەتەوە و بە خەباتێکی یەکانگیری جەماوەریی، کۆشکی زوڵم و ستەمی ئاخوندان دادەڕمێ. پلنیۆم لە درێژەی کاری خۆیدا پێداچوونەوەی بە ئورگان و بەشەکانی سازمان کرد و چەندین بریار و راسپاردەی بەجێی بۆ کاری تەشکیلات و ئورگانەکانی سازمان پەسەند کرد.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی ناوەندی
٣٠ ی بانەمەڕی ١٣٩٨ ی کۆچی خۆری ٢٠ ی مای ٢٠ ١٩ زایینی