ئافرەتانی خەبات کارو شۆڕشگێڕ!
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!
ڕۆژی ٣٠ ی پوشپەری هەموو ساڵێک بۆ ئێمەو خەڵکی کوردستان، ڕۆژێکی پڕ ئازارە.
١٣ ساڵ بەر لە ئێستا مامۆستا شێخ جەلال حسینی کەسایەتی بەرزی کوردستان و دامەزرێنەری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا سەید جەلال حسینی کوردێکی شۆڕشگێڕ و عەلامەیەکی زاناو ئەدیب کە لە لوتکەی شۆڕشگێڕیدا بوو، بەم ماڵئاواییە کتوپڕەی ناسۆری خستە دڵمان و خەڵکی کوردستانیش یەکێک لە مرۆڤە مەزننەکانی لە دەستدا.
لە دەستدانی ڕێبەرێکی وەک مامۆستا شێخ جەلال خەسارێکی گەورە بۆ سازمانی خەبات بە تایبەتی و گەلی کورد بەگشتی و بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی بوو...
مێژووی پڕ لە شانازی خەبات و تێکۆشانی پترلە شەش دەیەی بەڕێزیان لە پێناو ڕزگاری گەلی کورد، بۆتە هێمایەکی مێژوویی لە خەباتی نەپساوەی گەلی کورد.
بەدرێژای مێژووی گەلی کورد کەسانی شۆڕشگێڕ بوەو هەیە، بەڵام لە جۆر و چەشنی مامۆستا شێخ جەلال کەم هەڵدەکەوێت. تەرخانکردنی هەموو ژیانی لە پێناو ماف و دۆزی ڕەوای گەلی کورد، بۆ ئەو کارێزمایە ئەولەویەت بوو.
مامۆستا بوەتە مەکتەبی خۆڕاگری و گیانفیدای و ڕاستگۆیی و بوێری بۆ سازمانی خەبات و کوردانی هەڵوەدای ئازادی.
نوسینێکی چەند دێڕی لەسەر ژیانی مامۆستای نەمر، ناتوانێ مێژوویەکی دورودرێژی شەش دەیە لە خەبات و تێکۆشانی بەڕێزیان نیشان و بەرجەستە بکات.
لەوەها ڕۆژێک و لەم ساڵدا کە یادی ئەو ڕێبەرە دەکەینەوە، کە لە ماوەی ڕابردودا شاهیدی خرۆشانی خەڵک ئێران و کوردستان بوین.
سونبل و چەخماخەی ئەو ناڕەزایەتیانە بە
شەهید کردنی ژینا ئەمینی بە دەستی جەللادانی ڕژیمی ئاخوندی دەستی پێکرد و پاشان شەهید بونی پۆلێک لە ڕۆڵەی بە جەرگی دیکەی بە دوای خۆیدا هێنا.
تەشکیلات و ئەندامانی ڕێکخراوی ئافرەتان لە ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جەلال، بەڵێن تازە دەکەینەوە کە لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبین تا گەیشتن بە ئامانج و ئازادی و ڕزگاری و ڕوخانی ڕژیمی ئاخوندی.
لەیادی سێزدەهەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوای مامۆستا سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی هەرگز نەمریان.
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران