پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

پەیامی سكرتێری گشتی بە بۆنەی ٤٣ هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات

پەیامی سكرتێری گشتی بە بۆنەی ٤٣ هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات
xebatmedia

هاونیشتمانیانی كوردستان!
كەس و كاری شەهیدانی ڕێبازی سازمانی خەبات!
تێكۆشەرانی ڕێگەی ئازادی!
لاوانی خوێن گەرم و كچان وكوڕانی تێكۆشەر!
لە ٥ ی خەرمان ١٤٠٢ كۆچی خۆری بەرانبەر ٢٧ئاگۆستی ٢٠٢٣ یادی ٤٣ ساڵەی تەمەنی پڕلە قوربانیدان و سەروەری و تێكۆشانی بێ‌ وچانی سازمانی خەبات لە پێناو ئازادی و ڕزگاری گەلی كوردو بەربەرەكانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی بەرز ڕادەگرین. بەم بۆنە شكۆدارەوە پیرۆز بایی گەرم بە جەماوەری خۆڕاگری كوردستان، كادرو پێشمەرگەو ئەندامان و دۆستانی سازمان، كەس و كاری سەربەرزی شەهیدانی سازمانی خەبات و شەهیدانی شۆڕشی ژیناو تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و دیموكڕاسی و بەرابەریی، زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر و خەڵكی ئێران پێشكەش دەكەم.
هاونیشتمانیانی هێژا!
كاتێك یادی زیاتر لە چواردەیە لە شۆرش و بەرخودان، نەبەزی و دڵسۆزی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران دەكەینەوە بێگومان دەبێ‌ دەوری سەرەكی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی ڕێبەری زانای كورد بەرز ڕابگرین كە لە شۆڕشی مافخوازانەی گەلی كورد و دامەزرانی سازمانی خەبات و داڕشتنی بەرنامەی سیاسی و تەشكیلاتی دیاترین و شیاوترین ئەركی كێشاوە.
سازمانی خەبات خاوەن خەت و بەرنامەیەكی سیاسییە كە دوورە لە سات و سەوداو بە فیڕۆدانی خوێنی ڕۆڵەی كوردو زیان گەیاندن بە ئامانجە باڵاكانی نەتەوەی كوردو نیشتمانی داگیركراومان. بە پێویستی دەزانم سپاس و پێزانین پێشكەش بە هەموو تێكۆشەرانی ڕێبازی سازمانی خەبات بكەم كە بە ڕەنج و ماندوو بوون و كارو تێكۆشانی بێ‌ پسانەوەو دڵسۆزی و خەمخۆریان لە بەرەو پێشبردنی سازمان دەوریان گێڕاوەو بە بێ‌ هیچ چاوەڕوانیەك بڕیاڕیان داوە بەردەوام بن لە خزمەتی بێ‌ پەڵەو بێ‌ هەڵە بە سازمانە خۆشەویستەكەی گەلی كورد.
هاونیشتمانیانی هێژا!
لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی خەڵكی كوردستان لە ٢٨ ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ كۆچی خۆری لە گەرمەی بەربەرەكانێ‌ و شۆرشی ڕەوا لە بەرانبەر هێرشی هێزی پاسدارو بەسیجی و چەكدارانی بەكرێگیراوی ڕژیمی ئاخوندی، پێكهاتنی سازمانێكی نەتەوەیی و نیشتمانی هەستی پێدەكرا كە بەرنامەو پەیڕەو ئامانجی هەمان ئامانجی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری بێ‌. ئەو كات مامۆستا شێخ عیزدەددین، مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی،مامۆستا عەبدوڕەحمان زەبیحی،شەهید حامید بەگی جاف و چەندین كەسایەتی دیكەی كوردستان هەوڵیان ئەوە بوو تەشكیلاتێكی سیاسی نیشتمانی و نەتەوەیی دامەزرێنین كە پەیرڕەو پڕۆگرامی نزیك بێ‌ لە كۆمەڵەی ژێكاف. بەڵام بە هۆی دەستێوەردانی چەند جەریان و لایەنان كە پێیان وابوو دامەزرانی تەشكیلاتێكی سیاسی بە ڕێبەرایەتی ئەو ڕێبەرە كارێزمایانە دەبێتە هۆی كەم هێز بوونیان و دیار نەمانیان لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا، بە داخەوە دەستێوەردانەكان بووە هۆی ئەوە كە ئەو تەشكیلاتە سیاسیە پێك نەهێندرێ‌ و هەروەها مامۆستا زەبیحی لە لایەن حكومەتی ڕابردووی عێراق شەهید بكرێ‌ و حامید بەگی جاف یش بخرێتە داو تەڵەی چریكە فیداییەكان لە شاری مەهاباد و بە كوشت بدرێ‌ و شەهید بكرێ‌. بە داخەوە كاتی خۆی نەتواندراو نەیان هێشت كەسایەتیە دیارەكانی حازر لە گۆڕەپانی خەباتی ڕزگاریخوزای لە ساڵی ١٣٥٨ ئەو سازمان و هێزە نیشتمانی و نەتەوەییە پێك بهێنن، بە خۆشیەوە بە هەوڵ و ماندبوونی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی و چەندین مامۆستای ئایینی و كەسایەتی كوردستانی ئێران لە پێنجی خەرمانانی ١٣٥٩ كۆچی خۆری سازمانی خەبات یان دامەزراندكە ڕوانین و بەرنامەی سیاسی جیاواز بوو لە گەڵ هێزو لایەنەكانی دیكەی كوردستانی ئێران.
دامەزراندنی سازمانی خەبات زەرورەتێك و پێویستێكی حاشا هەڵنەگر بوو، زەرورەتێك كە بە تێپەڕینی ساڵەكان،زیاتر دەركەوت و ڕەوایی ڕیشەداربوونی خەتی سیاسی، تەشكیلاتی، تێكۆشانی پاك و سادقانەو بێ‌ هەڵەی لە دوای ٤٣ ساڵ باشتر سەلمێندرا. بەڵێ‌ ئێستا بە باشی دەردەكەوێ‌ كە سازمانی خەبات پێویستی حاشا هەڵنەگرە بۆ پێشڕەوایەتی و ڕێبەرایەتی كردنی شۆڕشی خۆماڵیانەو ڕاستەقینە كە پشتی بە هێزی جەماوەری كوردستان بەستوەو هەڵقوڵاوی ناو جەرگەی كۆمەڵگەی كوردەواریە.
تایبەتمەندیە شیاوەكان و هەڵوێستە سیاسیەكانی سازمانی خەبات لە پەیوەند بە ڕوداوەكان و نەترسی لە بڕیاڕدان لە پێناو بەرژەوندی و قازانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، پێداگری لە سەر دروشمە ئیستراتیژی و ڕیشەییەكان، بایەخ دان بە ڕوانگەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە، دیار بوونی خەت و بەرنامەی لە پێوەند بە تیكڕای پرسەكان و خۆ بە دوور گرتن لە كۆڕو بلۆك و دەستەو گروپی سیاسی كە هەڵویستیان دژ بە مافەكانی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران و بە زیان بە نەتەوەكانی ئێرانە.
سازمانی خەبات لە بەرانبەر ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی شێلگیرانە تێكۆشاوەو بە ڕەد كردنەوەی ووت وێژ لە گەڵ ئەو دەسەڵاتە جینایەتكارەداو هەروەها دیاری كردنی سنووری لە گەڵ دەستەو تاقم و لایەنە دژی خەڵكیەكان و بە تایبەت ئەو جەریانە سەرانسەریانەی كە ئێستاش باوەڕیان بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی و دیكتاتۆری هەیە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەو شوێن دانەری هەیە.
جەماوەری ستەملێكراوی كوردستان!
٤٣ هەمین ساڵیادی دامەزرانی سازمانی خەبات هاوكاتە لەگەڵ یەكەمین ساڵیادی شۆرشی ژینا،بە بۆنەی ساڵیادی شۆرشی ژینا درود دەنێرم بۆ ڕۆحی شەهیدانی ئەو شۆرشە جەماوەری و گەورەیەی كە دەسەڵاتی ئاخوندی وەلەرزە هێناو بووە سەرتاو قۆناغێكی یەكلایی كەرەوە بۆ لە ناو بردن و ڕوخانی ئەو ڕژیمە دیكتاتۆرەو دابین كردنی ئازادی و رزگاری گەلی كوردو دامەزراندنی دەسەڵاتی دیموكڕاتیك لە ئێراندا.
سازمانی خەبات وەك هەمیشە،تەشكیلاتی پێشڕەوی كوردایەتی پاك و بێگەردی ئازادیخوازی دەبێ‌ و دەمێنێ‌ و ئەو سیاسەت و بەرنامە پەسەند وشیاوانەی لە كۆنگرەی حەوتەمی سازماندا كە لە ٢٧ ی پوشپەری ئەمساڵدا بەڕێوە چوو جارێكی دیكە پێداگری لە سەر كرایەوە. كۆنگرەی حەوتەمی سازمانی خەبات داوای لە جەماوەری كوردستان و كچان و كوڕانی خوێن گەرم كرد پشتیوانی و پشتگیری زیاترلە سازمانی خەبات بكەن و بە پشتیوانی لە سازمانی خەبات، سەركەوتنی شۆڕشی دەیان ساڵەی خەڵكی كوردستان خێراتر بكەن.
بێگومان داهاتوی سازمانی خەبات پڕشنگدارتر دەبێ‌ و چین و توێژەكانی كوردستانی متمانەی زیاتری پیێ‌ دەكەن.
سڵاو لە قارەمانی و خۆڕاگری جەماوەری كوردستان و نەبەزی و نەسرەوتن بۆ تێكۆشەرانی ناوەندە مەدەنی و ژینگە پارێزانی كوردستان و بەرەوپێش چوون وسەركەوتنی زیاتر بۆ ئافرەتان و ژنانی قارەمان و نەبەزی كوردستان و سەرانسەری ئێران.
لە گەڵ پیرۆزبایی دووبارەم بە بۆنەی چل وسێهەمین ساڵ ڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات ی خوێناوی.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
بابەشێخ حوسەینی
٣ ی خەرمانانی ١٤٠٢ كۆچی خۆری
٢٤ ی سپتامبری ٢٠٢٣

1 ساڵ و 2 مانگ و 26 ڕۆژ و 5 کاتژمێر و 38 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی سكرتێری گشتی بە بۆنەی ٤٣ هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات

پەیامی سكرتێری گشتی بە بۆنەی ٤٣ هەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن