خەباتمیدیا: بەپێی هەواڵی گەیشتوو، چوار بەندکراوی ناڕازی لە گرتووخانەی ناوەندیی ئیتلاعاتی ترۆریستی رژیم لە ئیلام بە ناوەکانی وەحید چاوەران، ناسر ڕەزایی و محەممەد حوسێن ناسری کە هەموویان خەڵکی ئاودانان و دوکتور بەختیار محەممەدزادە خەڵکی دەرشار، لە ١٢ی خەرمانان، بە هۆی بێبڕیاری وبێچارەنووسی و هەروەها ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە باری دەروونی وەحید چاوەران، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، دۆخی دەروونی وەحید چاوەران نزیكەی مانگێكە ڕوو لە خراپ بوونە.
دەگوترێ بەرپرسانی زیندان بە پێدانی دەرمانی دەروونی بوونەتە هۆی دروست بوونی ئەو دۆخە دەروونییە خراپەی وەحید چاوەران.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، دۆخی شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام گرژیی لێکەوتەوە و کۆمەڵێک گەنجی چەکدار ڕایانگەیاند کە بەم نزیکانە هەنگاو بەرامبەر ئەم ڕەفتارە نامرۆڤانە دەگرنەبەر.