ڕۆژی پێنج شەممە، ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئومێد قەدیمی، تەمەن ٣١ ساڵ و ئەندامی بنەماڵەیەکی دادخوازی کوردستان و برای فواد قەدیمی کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری دیواندەرە شەهید کرا، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتەوە گیراوەو بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئومێد قەدیمی سەرەڕای ئەوەی کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ کراوە، لەکاتێکدا لە ڕێگا بووە بۆ شوێنی کارەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی دیواندەرە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی تروریستی ئیتلاعاتەوە گیراوە و سەردانی بنەماڵەكەی بۆ ئیلاعاتی دیواندەرە هیچ ئاکامی نەبووە و هیچ زانیارییەکیان لەسەر کوڕەکەیان دەست نەکەوتووە .