خەباتمیدیا: ئەنجومەنی هاوئاهەنگی سەندیکاکانی ڕێکخراوە فەرهەنگیەکانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانان ڕایگەیاند: شیلان یوسفی بەرپرسی فیزیكی ئامادەییەكانی سەقز لە پارێزگای سنە، لە دۆسییەسازی و شكایەتی حەراسەتی شار و پارێزگا و دەرکردنی بڕیارێکی تەواو نایاسایی كە لەلایەن دەستەی پلە یەکی سەرپێچیەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کوردستان دەرچووە"، سزای خانەنشینی زۆرەملێی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم ڕاپۆرتە دەشڵێت، بۆردی بەناو "پێشێلکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە"یش ئەم بڕیارەی پشتڕاست کردەوە و بەم شێوەیە ڕێگری لەم مامۆستایە بە ئەزموونی ٢٣ ساڵ وانەوتنەوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن كرا.
ئەم سەرچاوەیە کە بە شێوەیەکی سەرەکی هەواڵەکانی پێوەندیدار بە مامۆستایان و پەروەردەکاران بڵاو دەكاتەوە، باسی لەوە كردووە كە شیلان یوسفی بە "بەشداری لە کۆبوونەوەکانی سەندیکای مامۆستایان و پاڵپشتیکردنی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە ڕێگەی چالاکییەکانی فەزای مەجازی" تۆمەتبار كراوە.