ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لەلایەن حکومەتەکانەوە لە جیهاندا زیاتر دەبێت و بەرپرسانی حکومەتیش زیاتر توندوتیژی نایاسایی بەکاردەهێنن و بە سەپاندنی یاسای سەرکوتگەرانە مامەڵە لەگەڵ هەر ناڕەزایەتییەکی ئاشتیخوازانە دەکەن.
ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بە سەرکوتکردنی خوێناویی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ڕابردوو لە ئێران لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران یاسایان پێشێل کردووە و سەدان کەسیان کوشتووە و دەیان هەزار کەسیشیان لە بەندیخانەکان بەند کردووە کە منداڵیشیان تێدا هەبووە. پێشتریش لە سەروبەندی ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلان ئێران، ئەم ڕێکخراوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە ووڵاتانی جیهان کردبوو کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەنگاو بنێن بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو تاوانانەی کە ڕژیمی ئاخوندی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا ئەنجامی داوە