فاتمە حەیدەری، خوشکی جەواد حەیدەری، یەکێک لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن ژیان ئازادی"، لە هەژماری خۆی لە ئێکس (تویتەری پێشووی) ڕایگەیاند کە مەعسومە ئازەری و وەحید کیا دایک و باوکی حەنانە کیا و عەلی پەنا حەیدەری و ڕوحوڵڵا حەیدەری باوک و برای جەواد حەیدەری، دوو کەس لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی، ژن ژیان ئازادی" بە شێوەی کاتی بە دانانی بارمتە تا کۆتایی دانیشتنی دادگا ئازاد کراون.
ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەزبەر، مەعسومە ئازەری، وەحید کیاکجوری و هێلیا کیاکجوری، دایک، باوک و خوشکی حەنانە کیا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم بەندکرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. هێلیا کیا، خوشکی تەمەن ١٦ ساڵانی حەنانە کیا ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانان دوای سێ هەفتە گیران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
هەروەها ڕوحوڵڵا حەیدەری و عەلی پەنا حیدەری باوک و برای جەواد حەیدەری، ڕۆژی چوارشەممە 29ی خەرمانان لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەکانەوە بەندکران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
جێی باسە کە هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆی گیران و ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ئەو بنەماڵانە کراوە، لەبەردەستدا نییە.