حەوت هاووڵاتیی ئەحمەدئاوای تیکاب بە ناوەکانی عەلی بەرادەران، عەلی سەروی، عارف زەمانی، ئەمین قارەمانی، مەعرووف سالمی، زاهید مەجنوونی و مەهدی مەجنوونی کە ناڕەزایەتییان لەسەر بەردەوامیی کارکردنی نایاساییی کانگایەکی نزیک لەو شارە دەربڕیوە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە گیراون.
بەپێی هەواڵەکان بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو گوندە، بەهۆی ئەو کانگا نوێیەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە نزیک گوندەکەیان کەوتووەتە کار، ئاوی خواردنەوەی ئەو گوندە و چەند گوندێکی دەوروبەری "ئەحمەدئاوا" بڕاوە و بەهۆی ئەگەری بەردەوامیی چالاکی و کارکردنی نایاساییی ئەو کانگایە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرچاوەی ئاوی گوندەکانی ئەو ناوچەیە بەتەواوەتی وشک دەبێت.
خەڵکی ناڕازیی ئەو گوندە ڕایانگەیاندووە؛ ئەو کانگایە لە شوێنێکی کەونار کە بەشێکە لە ئاسەواری دێرینی ناوچەکە دامەزراوە و مۆڵەتنامەی دامەزراندن و چالاککردنەوەی ئەو کانگایە لە ڕەوتێکی گەندەڵیی ئیداریدا بڕیاری لەسەر دراوە و ڕێگە بەو کانگایە لە وەها شوێنێک دراوە.