بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەریەکان؛ هاووڵاتییەک بە ناوی تاریق ڕەحیمپوور، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ"ی سەر بە ناوچەی ژاورەۆری سنە و دانیشتووی ئەو شارە، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆری بە شێوەیەکی دڕندانە شکەنجە کراوە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەكەی لێ کەوتووەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیکی خانەوادەی ڕەحیمپوور، سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی ٢٠ ڕۆژی لە گیرانی کاتیی ئەو هاووڵاتییە، تاکوو ئێستا هیچ هەوڵێکی جددی بۆ ئازادکردنی ناوبراو نەگیراوەتە بەر.
هەروەها سەردانی دایکی تەمەن ٨٢ ساڵ و دوو منداڵ و هاوژین و برای ناوبراو بۆ ئیدارەی تروریستی ئیتلاعات هیچ ئاکامێکی نەبووە و ڕێگەیان پێ نەداون. جگە لەوە لەو ماوەیەدا تەنانەت لە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ خانەوادە و کەسوکارەکەشی بێبەری کراوە.
شایانی باسە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٢، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتایە سەر دووکانی تاریق ڕەحیمپوور لە شاری سنە و بە شێوەیەکی دڕندانە گرتوویانە.