بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵیەکان، هێمن خاستان، لاوێکی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی سنە، لە دوو کۆبوونەوەی دادگای چەند خولەکیدا، لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی دا, لەلایەن لقی یەکی دادگای بەناو ئینقلابی ڕژیم لە سنە بە تۆمەتی کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ زیندان، بە تۆمەتی بێڕێزی بە دامەزرێنەری ڕژیمی ئاخوندی بە ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی دروستکردنی دەستە و گرووپ بە ١٧ مانگ و یەک ڕۆژ زیندان مەحکووم کراوە که بەپێی ماددەی ٣٤ی یاسای سزایی ڕژیم، سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ لەم حوکمە دەبێ جێبەجێ بکرێت.
لە حاڵێکدا کە دۆسییە ناوبراو لەلایەن پارێزەرەکەیەوە ڕادەستی داگای پێداچوونەوە کراوە، دۆسییەیەکی نوێ لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکاندا"، لە دادگای سنە بۆ ناوبراو کراوەتەوە. شایانی باسە کە هێمن خاستان، هاووڵاتیی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی سنە، ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە توندوتیژی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم گیرا و بەندکرا.