ڕێکخراوی (پێوەرەکانی سانسۆر)، هەوڵە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندەی لە پشتیوانیکردنی ناڕەزایەتییەکانی دوای شەهید کرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم لەبەرچاو گرت.
تۆماج ساڵحی بەهۆی چالاکیەکانی بۆ پشتیوانی کردن لە ناڕەزایەتیەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەر دا سەپا.
لە مانگی ڕەزبەر لەسەر زاری پارێزەری تۆماج ساڵحی ڕاگەیەندرا کە بەپێی بانگهێشتی دادگا، تۆماج ساڵحی بە تۆمەتی وەپاڵنراوی گەندەڵی سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپا.
هەروەها ناوبراو بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە هەر چالاکی و ئامادە کردن و بەرهەمهێنانی بەرهەمی مۆسیقا و گۆرانی وتن قەدەغە کراوە.
شایەنی باسە کە تۆماج ساڵحی تەمەن ۳۲ساڵ، هەشتی خەزەڵوەری ۱۴۰۱ی کۆچی خۆری، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی خەڵک لە ئێران و دوای نزیک بە دوو مانگ ژیان کردن لە گوندی گردبیشەی سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنیەکانی ڕژیم بەند کرا.