جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتنێری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاوەدێریکردن بەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی سێشەممە ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە کۆڕی گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە دا و وتی: ئەم ڕاپۆرتە پیشاندەری "ڕاستیی تاڵ"ی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانە.
ناوبراو لە دانیشتنی کۆمیتەی سێیەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: سێزدە مانگ لە شەهید کرانی ژینا ئەمینی لە گرتووخانەی گەشتی ئیرشاد تێپەڕیوە و ڕژیمی ئێران لەمبارەوە لە لێکۆڵینەوەی ڕوون، بێ لایەنانە و سەربەخۆ سەرکەوتوو نەبووە و بەردەوام هەموو جۆرە پێشێلکارییەک لەلایەن خۆیەوە ڕەت دەکاتەوە.
جاوید ڕەحمان زیادیشی کرد، کەموکوڕییە بەرچاوەکان لە چوارچێوەی یاسایی و سیاسیی ڕژیمی ئێران، بە شێوەیەکی بەرچاو توانایی هاووڵاتیانی ئێرانی بۆ کەڵکوەرگرتن لە مافی بەشداریی دیمۆکراتیک لە بوارە سیاسی و گشتییەکان، بەرتەسک کردۆتەوە.