بەختیار عەزیزی
10ی خەزەڵوەری 1358ی هەتاوی، رۆژێكی مێژووییە لە دیرۆكی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی خەڵكی كوردستان لە بەرامبەر رژیمە داگیركەرەكان. رۆژێك كە تیایدا هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات هێزێكی زۆر و پۆشتەی رژیمی ئاخوندی بە تەواوی تێكشكاند و شكستێكی گەورەی سەربازی و سیاسی تووشی دەسەڵاتی ئاخوندان كرد.
10ی خەزەڵوەر لەلایەن ئەو پێشمەرگە قارەمانانەوە تۆمار كرا كە لە پێكهاتن و پاراستنی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێراندا دەوری بەرچاو و كاریگەریان هەبووە. ئەو پێشمەرگە و خەباتكارە نەتەوەیی و دڵسۆز و تێكۆشەرانەی كە لە 44 ساڵی رابردوودا بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبوردوویی لەپێناو مافە نەتەوەییەکانی کورد و بەربەرەکانێی ڕژیمی داگیرکەری ئاخوندی، مێژوویێکی پرشنگدار و لێوانلێو لە سەروەریان تۆمار کردووە. ئەو مێژووەی یەکێک لە هۆ سەرەکییەکانی مانەوە و درێژەدانە بە ڕێی پڕ لە هەوراز و نشێوی شۆڕش و خەباتی کورد و ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەکەمان کە لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و سەداقەتی سیاسی و واقعبینی فکری بێچمی گرتووەو بە خۆشیەوە تاکوو ئەمڕۆ لە ڕێبازی پڕ لە سەروەری جەنابی مامۆستای سەید جەلال الدین حسینی ڕێبەرو دامەزرێنەری سازمانی خەبات لای نەداوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ باشتر و بەهێزتر و شێلگیرانەتر هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵدەگرێ.
١٠ی خەزەڵوەر ڕۆژی بەرپەرچدانەوە و تەفرو توناکردنی هێزی زۆر و بۆری ڕژیمی خومەینی بوو کە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتەکەیان ڕەوانەی کوردستان كرابوون. پێشمەرگە قارەمانەکانی سازمانی خەبات لە پێچەکانی هەژەدۆڵان هەتا دەروازەی شاری بانە ئەو هێزەیان تێک شکاند و بەو شێوەیە ئیرادەی گەلی کوردی بەسەر ڕژیمی ئاخوندیان سەرخست و پاشەکشەیەکی سیاسی و سەربازیان بە خومەینی و رژیمەكەی کرد. هەر بۆیە 10ی خەزەڵوەر وەکوو لاپەڕەیەکی زێڕین لە لاپەڕەکانی مێژووی نەتەوەکەماندا دەدرەوشێتەوە و خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە و ڕێبوارانی ڕێبازی سازمانی خەبات هەموو ساڵێک بە شانازیەوە یادی ئەو داستان و قارەمانیە مەزنەی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و ئەو شكستە گەورەیەی هێزە داگیركەرەكانی رژیمی خومەینی، دەکەنەوە.
ئەو ساڵ لە کاتێکدا یادی 10ی خەزەڵوەر بەرز و پیرۆز ڕادەگرین كە خەبات و شۆڕشی شێلگیرانەی نەتەوەی كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێران لە ژێر ناوی شۆڕشی ژینا، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە پێناو روخانی رژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی و دامەزراندنی دەسەڵاتێكی خەڵكی و دیموكراتیك، درێژەی هەیە. درێژەی خەبات و تێكۆشانی نەتەوەی كورد بەو جیددیەت و هێزەوە كە لە ئارادایە بووتە هۆی ئەوەی كە بەرپرسایەتی و ئەركی پێشەنگایەتی و پێشڕەوی بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئاخوندانی بكەوێتە سەرشان و لەو راستایەدا هەموو نەتەوەو دین و مەزهەب و چین و توێژەكانی ئێران پشتیوانی لێ دەكەن.
ئەوەی جێی سەرنج و بایەخە ئەوەیە كە ئەو دروشم و رێیەی لە خەباتی تێكڕایی لە كوردستان و ئێراندا گیراوەتەبەر، رێ و بەرنامە و داوای هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەباتە کە لە 44 ساڵ لەوە پێشەوە لەگەڵ وتنی نا بە ڕژیمی ئاخوندی، خەباتی جیددی و تێكۆشانی ڕەوای لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێران گرتەبەر، لەو رێگەیشدا رووبارێك خوێنی پێشەكەش كردوە. هەر بۆیە دەڵەین هێزی پێشمەرگە پێشەنگ و پێشڕەوی ڕاپەڕین و خەبات دژ بە ڕژیمی ئاخوندیە و 10ی خەزەڵوەریش هێما و سومبولەكەیەتی.
گومانی تێدا نییە ڕژیمی ئاخوندی لە ڕووخانی حەتمی زۆر نزیکە و بەو زووانە ئاسۆی ڕوونی ڕزگاری و ئازادیش وڵاتی ئێمە دەگرێتەوە و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانیش سەربەرزانە دەگەڕێنەوە باوەشی نیشتمان و زێدی خۆیان و موژدەی ئازادی و ڕزگاری بۆ دایکی شەهیدانی سوورخەڵات بە دیاری دەبەن.