حوکمی بەندکرانی عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵكی سەقز، لە دیوانی باڵای ڕژیم پشتڕاست کرایەوە.
حوکمی ئەم چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەر لەلایەن لقی ٢ی جێبەجێکاری حوکمەکانی دادسەرای گشتی و بەناو ئینقلابی سەقزەوە بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و دەبێ لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا خۆی بەم لقە بناسێنێ.
ئەم چالاکە کرێکارییە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕژیم لە سەقزەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە هێزە ئۆپوزسیونەکانی دژبەری ڕژیم، ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی تەبلیغات دژی ڕژیم لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهید ژینا ئەمینی" ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران بە سەریدا سەپێندراوە.
دەزگای قەزایی ڕژیم بە سەرنجدان بە لایەنەکانی کەمکردنەوەی سزا لە ماددەی ٣٨ یاسای سزاکانی، دەرکراوی ساڵی ١٣٩٢، لەوانە تەمەنی عوسمان ئیسماعیلی و خێزانداربوونی ناوبراو، هەروەها ماددەی ٦ی کەمکردنەوەی سزای زیندانی تەعزیری دەرکراوی ساڵی ١٣٩٩، حوکمەکەی بە ١٦ مانگ بەندکران و حیساب کردنی ماوەی بەندکرانی پێشوو لە گرتووخانە, کەم کردۆتەوه.