هاونیشتمانیانی ئازادیخواز!
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان!
زیندانیانی سیاسی!
پێشمەرگە قارەمانەكان, ئەندام و لایەنگرەکانی سازمانی خەبات!
ڕێبوارانی ڕێگەی ئازادی نەتەوەو نیشتمان!
بەبۆنەی ۱۰ی خەزەڵوەر, ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران, گەرمترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەین.
مێژووی خەبات و بەرخۆدان لە کوردستان لێوانلێوه لە سەروەری, دلێری و بوێری کەسانێک کە فیداکارانه گیان و ماڵ و سامانی خۆیان پێشکەش بە نەتەوە چەوساوەکەیان کردوەو تەنیا بۆ هێنانە دیی ئازادی و ڕزگاری هاونیشتمانیان، سات بە ساتی ژیان و خوێنیان پێشکەش کردوە و بونەتە بەشێک لە مێژووی پڕ لە سەروەری و لە دڵ و بیری خەڵکدا بە زیندوویی ماونەتەوە.
حەماسەی ۱۰ی خەزەڵوەر یەکێکە لەو ڕۆژو یادانەی کە پێشمەرگە قارەمانەكانی سازمانی خەبات حەماسەیان تیدا خوڵقاندو بۆ هەمیشە لە بیری دانیشتوانی كوردستان و خاوەن باوڕان بە ئازادی و ڕێبورانی ڕێگەی ڕزگاریی دەمێنێتەوە.
هاونیشتمانیانی تێكۆشەر!
لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ساڵی ۵۷ و دەست بەسەرداگرتنی بەرهەمی شۆڕشی گەلانی چەوساوەی ئێران لە لایەن ئاخوندە جینایەتکارەکانەوەو لە بەر چاونەگرتنی مافەكانی گەلی كورد و ڕەدكردنەوەی داوای هەیئەتی نوێنرایەتی كورد لە لایەن خومەینی و دەسەڵاتدارانی دیكەی حكومەتی ئاخوندەكان و لە ئاكامدا فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر گەلی کورد و هێرشی پاسداران بۆ سەر كوردستان، جەماوەری كوردستان هەر زوو ناخ و ناوەرۆکی ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەیان ناسی و دەنگی ناڕەزایەتیان دەربڕی و بە هاتنە سەر شەقام و بە هەڵگرتنی چەك لە بەرانبەر هێزی داگیركەردا وێستانەوە.
هەر لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینی پاسدارەکان و هێزی گاردی جاویدان بۆ سەرکوتی خەڵکی ئازادیخواز, بەرەو کوردستان ڕەوانەكران تا ئەوەی چۆنیان پێی خۆش بێ خەڵکی مافویستی كوردستان سەركوت بکەن و بە خەیاڵی خاوی خۆیان دەنگی ئازادیخوازی لە کوردستان کپ بکەنەوە. بەڵام لەوکاتەدا نەمر مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی کە پێشتر بەشێک لە تەمەنی تەرخانی خەبات دژ بە ڕژیمی گەندەڵی پاشایەتی کردبوو و دەیزانی دەبێ سنورێک بۆ ملهوڕیەکانی ئاخوندان دیاری بکرێت, بوێرانە فەرمانی لێدانی ئەو هێزە سەرکوتکەرەی داو پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی لە جادەی هەژدەدوڵان و ڕێگەی نێوان سەردەشت و بانە, هێرشیان کردە سەر هێزەکانی گاردی جاویدان و بەپێی زانیاریەکانی بەشداربوانی ئەو شەڕە دەیان کەسیان لێ کوشتن و چەندین كەسیان لێ بەدیل گرتن و زیاتر لە ۸۰ ماشینی جەنگیان لێی تێکشکاندن. ئەو گورزەی کە لە ڕژیم درا و ئەو شكستەی تووشی هات وای کرد کە ئاخوند خومەینی بە خەڵكی كوردستانی ڕایبگەینێت کە خەڵکی کوردستان دەنگی ئێوەم بیست و داوای دانوستان و ووتوێژ بکات. دیارە ئەو سەروەریە مێژوویی و پڕ لە شانازییە بە خوێنی ۸ پێشمەرگەی نەمری سازمانی خەبات کە گیانی پاکیان پێشکەش بە ئازادی و ڕزگاری خاک و نیشتمان کرد نەخشێندرا. سازمانی خەبات لە بەر گرینگی ئەو سەروەریە مێژووییە ڕۆژی ۱۰ی خەزەڵوەری وەک ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران ناساندوەو هەموو ساڵێک ڕێز لە یادی دەی خەزەڵوەر و شەهیدانی خەزەڵوەرو فیداکاری و گیان فیدایی ئەو کەسانە دەگیرێ كە لەو قارەمانیەتە بەشداریان كرد.
پێشمەرگە ئازا و بوێرەکانی سازمانی خەبات!
هۆگرانی ڕێگەی ئازادی و ڕزگاری!
ئەمساڵ لەکاتێکدا ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات بەرز ڕادەگرین کە دۆزی ڕەوای کورد و خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەو نیشتمان لە لوتکەی خۆیدایە و تەنانەت لە یەکساڵی ڕابردوو و پاش شەهیدکرانی ژینا ئەمینی بینیمان کە نەتەوەکانی ئێران بە پێشەنگی ئافرەتان و لاوانی بوێر و چاونەترس چۆن بە وریایی و چاوکراوانە داوای ڕووخانی ئەو دەسەڵاتەیان کردووە. شۆڕشی ژینا بڵێسەی ئاگری ۴۴ ساڵەی خەبات دژ بە ئاخوندان و هەروەها داستانی شەڕی جێژنی قوربان و ۱۰ی خەزەڵوەری زیاتر زیندوو كردەوەو سەلماندی هەوڵەکانی دەسەڵات بو ئاژاوەگێڕی لە نێوان نەتەوەکان لەژێر ناوی مەزهەب و ڕەگەز و ئایین بوو بە بڵقی سەری ئاو و خەڵکانی ئیران بە هەر بیر و باوڕێکەوه دەست لە دەستی یەکتر داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەكەن. شۆڕشی ژینا بە دروشمی ژن ژیان ئازادی, چەندین ساڵ چوساندنەوەی ژنانی لە بن دەستی دەسەڵاتە فاشیست و دیکتاتۆرەکانی پەهلەوی و ئاخوندی هاوار کرد و پشتگیری جیهانی بە دوای خۆیا هێنا و لە هەموو جیهاندا بینەری کاردانەوە ئەرێنیەکانی بووین و تەنانەت بینیمان کە هەموو چین و توێژەکان چۆن پێشمەرگە ئاسا تێکەڵ بەو ڕاپەڕینە بوون. بەڵام دەسەڵاتی ئاخوندی ئیران وەک هەمیشە لە هەموو ئامرازەکانی سەرکوت کەڵکی وەرگرت و ئەوەی دەکرا بەسەر خەڵکی ڕاپەڕیوی هێنا و بە هاوکاری هەندێک لایەنی بە ناو ئۆپۆزیسیۆن تا ڕادەیەک ئەو ڕاپەڕینەیان بەلاڕێدا برد.
ڕژیمی ئاخوندی پاش مەودایەکی کورت پاشەکشە کردن, لە ئێستادا زۆر هینان و هەڕەشەو سەركوتی توندتر کردوەو دیسان ئەمساڵ جینایەتێکی دیکە هاوشێوەی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی ئەنجامدا.ئەمجارە لە ئیسگەی قەتار بە دەستی بەکرێگیراوانی و دیسان بە بیانوی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆری, له ئارمیتا گەراوەندیان داو ئەو کچه کوردە کرماشانیە پاش ۲۸ ڕۆژ مانەوه لە بیمارستانی فەجر شەهید کرا. شەهید کرانی ئارمیتا و چەندجارە بوونی ئەو جینایەتانە دووبارە سەلماندی کە ئەو حکومەتە هیچ بایەخێک بۆ گیانی و ژیانی خەڵک دانانێت و تەنیا لە بیری پەرە پێی دانی بیرۆکە دواکەوتوانەکەی خۆی دایە.
لەئاوا هەلوومەرجێکدا ئەرکی هەموو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران ئەوەیە کە بە مانەوە لە ڕێگەی خەبات لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات, یادی ۱۰ی خەزەڵوەرو قارەمانی و نەبەزی تێكۆشەران و خوێنی شەهیدان، وەك هەمیشە لە بەر چاو بگرن و بە تێكۆشانی هەمە چەشنە شۆڕشی ڕەوا بە ئاکام بگەێندرێ و ئازادی و رزگاری باڵ بە سەر ووڵاتدا بكێشێ.
بە دڵنیاییەوە کە دەسەڵاتی سەرکوت و سەرکوتکەران وێڕای هەموو هەوڵەکانیان لە بەرانبەر هیمەتی خەڵکدا بەچۆک دێن و گیان فیدایی خەڵکی مافویست بە ئاکام دەگەت و ئەو دەسەڵاتە دژە مرۆڤە دەڕوخێ و لە كوردستان و ئێرانیكی ئازاد دا یادی حەماسەی ۱۰ی خەزەڵوەرو قارەمانی پێشمەرگەكانی كوردستان لە ڕیزی سازمانی خەبات و یادی شەهیدان و ئازادیخوازانی نەبەزو نەسرەوتوو دەكەینەوە.
جارێکی دیکە پیرۆزبایی ۱۰ی خەزەڵوەر, ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستان دەکەین
بڕوخێ دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی
سەرکەوێ خەباتی گەلی چەوساوەی كورد
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
۹ی خەزەڵوەری ۱۴۰۲ی هەتاوی