کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بەناوی ئازاد ستارپەنا بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ترۆریستەکانی سەرسنوور لە مەرزی هەنگەژاڵی بانە کوژرا و لانیکەم ۷ کۆڵبەری دیکە لە مەرزی نەوسوود و بانە بەتەقەی ڕاستەوخۆی ئەم بەکرێ گیراوانە بریندار کراون.
هاوکات کۆڵبەرێکی دیکەش بە هاویشتنی بەرد لەلایەن ئەو هێزانەوە لەناوچەی سەر بریندار کراوەو پەراسووەکانی شکاون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، شەوی سێ شەممە ۱۶ی خەزەڵوەر، ترۆریستە چەکدارەکانی سنوری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و کۆڵبەرێک بەناوی ئازاد ستارپەنا ۴۳ ساڵ و خەڵکی دەرەزیارەتی سەر بەشاری سەقز کوژرا.
هاوکات کۆڵبەرێک خەڵکی گوندی دەرپەمانی سەربەشاری سەقز بەتەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە بەسەختی بریندار کراوە و دواجار گوازراواتەوە بۆ ناوەندی دەرمانی لە شاری بانە.
لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی سنوری نەوسوود لە پارێزگای کرماشان، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە کە لەئاکامدا حەوت کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی برینداربوون.
جێی باسە کە لەهەمان ڕۆژ، لە سنوری نەوسوود کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی تین سەربە پاڵەنگان بەناوی تەیب خوسرەوی لەلایەن هێزەکانی سەرسنوور بە بەرد هێرش کراوەتە سەری کە لەئاکامدا سەری و پەراسووەکانی شکاون.لەئێستادا ئەم کۆڵبەرە دۆخی تەندروستی خراپە.