ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەریی ڕژیمی ئاخۆندی ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، گەنجێکی کوردی خەڵکی کرماشان دەکات.
ئەو ڕێکخراوە هەروەها داوای کردووە کە ڕەزا ڕەسایی ڕێگەی دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر و چاودێری پزیشکی گونجاو پێبدرێت.
ڕەزا ڕەسایی هاووڵاتییەکی کوردی پەیرەوەی ئایینی یارسانە کە لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو گیرابوو و دواتر لە لایەن دەزگای بەناو دادوەری ڕژیمی ئاخۆندی، بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتنی بە ئەنقەست"ی نادر بەیرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی سەحنە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
هەروەها ڕەزا ڕەسایی چەندین جار ڕەتیکردوەتەوە دەستی لە کوشتنی ئەو بەکرێگیراوەی ڕژیم بووبێت.
شایانی باسە کە ناوبراو ڕووبەڕووی شکەنجە و لێدانی تەزووی کارەبا و بردنی تا ئاستی خنکاندن بە کێشانی کیسەی نایلۆن بەسەریدا بە مەبەستی وەرگرتنی "دانپێدانان"ی زۆرەملێ بووەتەوە.