ئەمریکا بنەكانی سپای ترۆریستی پاسداران و میلیشیاکانی لە سووریە بۆردوومان كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی ڕەزبەر، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند، بنکەیەکیان لە سووریە بۆردوومان کردووە کە سپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران و گرووپەكانی، بەکاریان هێناوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە بۆردوومانەكە لە وڵامی ئەو زنجیرە هێرشانەدا بووە کە لە عێراق و سووریە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
وەزارەتی دیفاعی ئەمریکاش بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە ڕێی دوو فڕۆکەی جۆری ئێف ۳۵ ئەنجامدراون و تێیدا کۆگای چەك و تەقەمەنی لە ڕۆژهەڵاتی سووریە کراوەتە ئامانج.
لوید ئۆستن، وەزیری دیفاعی ئەمریکا ڕایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، پاراستنی ئەمریکییەکان بە سەرەکیترین کاری لەپێشینەی خۆی دەزانێت و هێرشەکەی ئەمڕۆش بە فەرمانی ئەو بووە.