بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ۷ی سەرماوەزی ۱۴۰۲ی هەتاوی, دوو زیندانی کورد بەناوەکانی ئێقباڵ فەتحوڵاهی خەڵکی ئیلام و موحسین ئەمرایی خەڵکی کوهدەشت کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی قەزەحەسار لەسێدارە دران.
جێی باسە کە ئەم دوو بەندکراوە پێنج ساڵ پێش ئێستا لە دۆسیەیەکی هاوبەش, بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر بەند کران و دواتر لەلایەن دەزگای گەندەڵی قەزایی ڕژیم سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات ڕۆژی پێشووش لەگەڵ ئەم بەندکراوانە لانیکەم دوو زیندانی دیکە بەناوەکانی حەمید بەخشایش و میلاد نەباتی کە پێشتر بەتاوانی پەیوەند بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی بەئەنقەست حوکمی لەسێدارەیان بەسەردا سەپابوو، گوازرانەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و چارەنووسیان نادیارە.