ژنێکی لاوی خەڵکی شاری کەنگاوەر بە ناسناوی مەرزیە( سونیا) شێشیکانی لەلایەن مێردەکەی کوژرا. بکوژەکە گیراوە و پاڵنەرەکەی بۆ کوشتنی هاوسەرەکەی ناکۆکی خێزانی بووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ ی هەتاوی و هەوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ژنێکی لاو خەڵکی گوندی ڕەحمان ئاوا لە ناوچەی کەنگاوەر ی سەربە پارێزگای کرماشان, بە ناسناوی مەرزیە(سونیا) شێشیکانی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم ژنە دایکی دوو منداڵە و لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی ئەوەی بەردەوام لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لێی دەدرا، چەند جارێک دەچووە ماڵی دایک و باوکی، هەر جارێکیش بە نێوەندگیری گەورەکانی خانەوادە دەگەڕایەوە بۆ لای هاوسەرەکەی.
بە پێی زانیاریەکانی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەرزیە دوو مانگ پێش ئێستا گەڕاوەتەوە ماڵی دایک و باوکی دوای ئەوەی بە توندی لێیدرابوو، داوای مارەییەکەی کردووە بەڵام جارێکی دیکە بە ناوبژیوانی گەورەکان و خانەوادەکەی گەڕاوەتەوە بۆ لای هاوسەرەکەی و منداڵەکانی کە بەداخەوە ئەمجارەیان چەند ڕۆژێک دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەکوژرێت.