گروپی چەکداری ئەنسار ئەلفەرقان بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك کوژرانی ژمارەیەک سەربازی حکومەتی لە تێکهەڵچوون لەگەڵ ئەم گروپە لە میحوەری زاهیدان-خاش لە شارستانی میرجاوە ڕاگەیاند.
لەم بەیاننامەیەدا، کە لە کەناڵی تێلێگرامی تایبەت بەو گرووپە بڵاو كراوەتەوە، هاتووە: شەوی ١٢ی سەرماوەز، لە ئۆپەراسیۆنێکدا، بارەگای سپای ترۆریستی پاسداران لە ناوچەی جون ئاباد کرایە ئامانج و ململانێکان لەگەڵ هێزە سەربازییەکان بۆ ماوەی نزیکەی سەعات و نیوێک بەردەوام بوو، و سێ کەس لە هێزە سەربازییەکان بە دەستی قەناس بەدەستەکانی ئەم گرووپە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش دوای دزەکردنە نێو بنكەكە کوژران و بریندار بوون.
تا ئێستا میدیاکانی سەر بە ڕژیم هیچ کاردانەوەیان بەرانبەر بەم هەواڵە نەبووە.