یەکێک لە قوربانییانی شۆڕش كە چاوی زیانی بەركەوتووە دەڵێت، ڕژیمی دژە مرۆڤی ئێران نەیتوانی باوەڕ بە ئازادی لەنێو ببات. ئەرەستۆ پاسیار، هاووڵاتییەکی کوردی بۆكان و یەکێک لە قوربانییانی شۆڕشی ژینا، وێنەی کاتی برینداربوونی خۆی بڵاوکردەوە و پێداگری لە درێژەدان بە ڕێگای ئازادی کردەوە و نووسیویەتی:
“زیاتر لە ساڵێک بەسەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا تێپەڕیوە". هەزاران لاوی تێکۆشەر کە لە شەقامەکاندا هاواریان بۆ ئازادی دەکرد، شەهید کران. من و هەزاران کەسی تر بریندار و کەمئەندام بووین. بەڵام شتێک کە ڕژیم ئاخوندی هەرگیز نەیتوانی لەنێوی ببات. باوەڕی پتەو بە ئازادییە.
ناوبراو هەروەها لە درێژەدا زیادی کرد, وەک یەکێک لە قوربانییانی شۆڕش، ژن ، ژیان، ئازادی شاهیدی هەڵسوکەوتی دڕندانەی ڕژیمی سەرکوتگەری ئاخوندی بەرانبەر بە خەڵکی ئازادیخواز لە بۆكان بووم.
من شاهیدی برینداربوون و گیاندان و بەند کرانی دەیان لاو بووم کە تاکە تاوانیان خەبات بۆ ئازادی بوو، شاهیدی قوربانیدانی هەزاران لاوی تێکۆشەر لە ژن و پیاو بووم کە دڵنیام تا ڕووخانی تەواوەتیی ئەم دەسەڵاتە ستەمکار و تاوانکارە بەردەوام دەبن.