وه‌ک ڕێبه‌رێکی زانا‌و خاکی و خۆشه‌ویستی کورد له کوردستانی ئێران بۆماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه پێشه‌وایی شۆڕش و به‌ربه‌ره‌کانی دژی داگیرکه‌ران و دوژمنانی کورد کردوه
ئارێز خه‌بات
به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی، له‌ناو هه‌ر یه‌ک لهمیللهتهکانی جیهان دا، چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کی به ده‌گمه‌ن و زانا و لێهاتوو هه‌ڵده‌که‌ون، که کاریگه‌ری ئه‌رێنی و گرنگیان ده‌بێ له‌سه‌ر پرس و باس و گرفت و داخوازیه‌کانی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی و ناو کۆمه‌ڵگایی خۆیان به‌تایبه‌تی. بێگومان ئه‌وان له‌خۆوه نابنه ئه‌و که‌سایه‌تیه مه‌زن و سه‌نگینه. ڕاده‌ی دنیادیدی و زانایی و دڵسۆزی و فیداکاری ئه‌و که‌سانه له هه‌مبه‌ر ئینساندۆستی و پاراستنی مافی یه‌کسان و تێکۆشان له پێناو داخوازی و مافی میلله‌ته‌که‌یان، له هه‌مان کاتیش دا توانایی کاریزمایی و لە ڕادە بەدەریان له ئاستی که‌سایه‌تیان و هێوور لە بڕیار و لە قەناعەت پێ کردنی بەرامبەر لە زۆر بوواردا و حزوورێکی هەمیشە زۆر جێی متمانەی بەهێزیان لە بەڵانس کردنی زمانی جووڵەی جەستە و زمانی ووتار و فیکر بە پرۆگرام و مێشک بەنج کەری گوێ‌گران و دەیان بەهرەی تری گرنگی ئەم کەسایەتیانه و کاردنیان له‌سه‌ر هزرو بیری بیرمه‌ندان و تاک و کۆمه‌ڵی دور و نزیک له‌خۆیان، ئه‌و مرۆڤانه ده‌کات به‌ده‌گمه‌ن و سه‌نگین و سه‌رکرده. له‌ده‌ستان و دیار نه‌مانی ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ش به پێچه‌وانه‌وه خه‌ساره‌تێکی گه‌وره ده‌بێ بۆ میله‌ته‌که‌ی خۆیان به‌تایبه‌تی و مرۆڤایه‌تی به‌گشتی.
مامۆستا شێخ جه‌لال حسینی یه‌کێک له‌و ڕێبه‌ر و سه‌رکرده و به‌توانا و ده‌گمه‌نانه‌ی کورد بوه که وه‌ک ڕێبه‌رێکی زانا‌و خاکی و خۆشه‌ویستی کورد له کوردستانی ئێران بۆماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه پێشه‌وایی شۆڕش و به‌ربه‌ره‌کانی دژی داگیرکه‌ران و دوژمنانی کورد کردوه و تا دوا هه‌ناسه‌کانی ژیانی له خزمه‌ت کردن به ماف و ئازادیه‌کانی میلله‌ته‌که‌ی دا له ناو ڕیزه‌کانی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران‌دا تێکۆشاوه. مامۆستا شێخ جه‌لال سه‌رکرده زانا‌و خاکیه‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵاته، که له ٣٠ ى پووشپه‌رى ١٣٨٩ کۆچی خۆری به‌رامبه‌ر به ٢١ی جولای ٢٠ ١٠ له یه‌کێک له نه‌خۆشخانه‌کانی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌ریمی کوردستان کۆچی دوایی کرد و ماڵئاویی یه‌کجاری لێ‌کردین.
کۆچی ناوه‌ختی ئه‌و ڕێبه‌ره زانا‌و بلیمهیه خاسارهتێکی گه‌وره‌بوو له گه‌لی کورد و سازمانی خه‌بات که‌وت. ئه‌و خاوه‌نی رۆشنبیری و روانین و فیکری قووڵ بوو، هه‌میشه خوێندنه‌وه‌ی ورد و دروستی بۆ ڕوداوه‌کان هه‌بووه. که‌سێکی به‌ته‌واو مانا دڵسۆز و خاکی و کوردپه‌روه‌ر بوو، نووسه‌ر و کوردی‌زان و ئهدهبزان و شاعیرێکی به‌تواناو که‌م وێنه‌بوو. مامۆستا شێخ جه‌لال له‌باری ئاینی و شاره‌زایی له‌دین دا، که‌م که‌س هه‌یه وه‌ک ئه‌و زانا بووبن. ئه‌و مه‌لایه‌کی جامانهبهسهری ڕیزه‌کانی خه‌بات و تێکۆشان بوو. هێمای گه‌لێکی به‌ش خووراوو زۆرلێکراوو بوو.
له دوای خۆشی رێبازێکی جێهێشتووه که ئه‌مڕۆ گه‌لی کوردستانی ئێران شانازی پێوه ده‌که‌ن. ڕێبازێک که ڕه‌مزی کوردایه‌تی و پێشه‌نگی کاروانی خه‌باتێکی پاک و بێگه‌رده و بۆ ئامانج و داخوازیه‌کانی کورد هه‌نگاو به‌هه‌نگاو به‌ره‌و لوتکه‌ی سه‌رکه‌وتن هه‌نگاو ده‌نێ. ڕێبازێک که هیچ لایه‌ن و باسێکی له گه‌ل و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی شاراوه نیه‌و نزیک به ٤٠ ساڵه، ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌ره‌و پێش ده‌چێ و گه‌شه ده‌کا. دڵسۆزان و درێژه پێده‌رانی ڕێبازی مامۆستا و جه‌ماوه‌ری کوردستان به خزمه‌ت کردن و خه‌باتی به‌رده‌وامیان له سازمانی خه‌بات دا گه‌وره‌ترین نیشانه‌ی وه‌فاداری و قه‌درزانیان بۆ ئه‌و سه‌رکرده زانا‌و مه‌زنه ده‌نوێن و ئه‌وه‌ش جوانترین و پڕ بایه‌خترین وه‌فا و په‌یمانه که ده‌توانین له نۆهه‌مین ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا شێخ جه‌لال دا به گیانی پاکی مامۆستا و شه‌هیدانمان و جهماوهرهکهمانی بده‌ین. ئه‌م ڕێبازه ڕێچکه‌ی خه‌باتێکی ڕه‌سه‌ن و پیرۆزی کوردایه‌تیه و خه‌باتکردن و تێکۆشان له‌ناوی دا، شانازی و سه‌رفرازی و ڕوسوریه. یادی ٩ ساڵه‌ی ڕێبه‌ری پایه‌به‌رزی گه‌له‌که‌مان مامۆستا شێخ جه‌لال حسینی به‌رزو به‌ڕێز بێ.