هاونیشتمانیانی خۆراگری کوردستان!
٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە شاری مهاباد بە ئامادەبوونی پێشوای نەمر قازی محمد و جەماوەرێكی بەرچاوی مەهاباد و شارەكانی دیكەی كوردستانی ئێران، هەڵكرا. هەڵكڕانی ئاڵای كوردستان لەو رێكەوتەدا بووە سەرەتایەكی نوێ لە خەباتی نەتەوەی كورد و گیانی برایەتی و هەستی خەباتكاری لە نێو چین و تووێژەكاندا جۆشدا و بە یەكانگیری كۆمەڵانی خەڵك بە پێشەوایی قازی محەمەدی نەمر، بەستێنی دامەزرانی كۆماری كوردستانی رەخساند كە دوای نزیك بە ٨٠ ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا هێشتا كاریگەریە ئەرێنیەكانی بەسەر خەڵكی كوردستانی ئێرانەوە ماوەو ساڵانە بەشێوەی جۆراوجۆر یادی ٢٦ی سەرماوەز بەرز رادەگیرێ.
كوردستانیانی ئازادیخواز و بێزار لە ستەم!
ئەمساڵ لە کاتێکدا ٢٦ی سەرماوەز، رۆژی ئاڵای کوردستان بەرز رادەگرین کە جەماوەری ئازادیخوازو تێکۆشەری کوردستان و ئێران بە باوەڕ بە خۆبوونێکی پتەو دستیان داوەتە خەباتی ئازادیخوازی لە بەرانبەر رژیمی دژ بە ماف و ئازادیی نەتەوەكانی ئێران و وێڕای سیاسەتی سەركوت و گرتن و ئێعدامی چالاكان و تێكۆشەرانی كورد و ئێرانی لە لایەن دەسەڵاتی ئاخوندانەوە، شۆڕشی ژینا بە گڕ و تین درێژە پێدەدەن و لەو چوارچێوەدا دەسەڵاتی نامەشروعی ئاخوندانیان لە راست ویست و داخوازیە مشروعەكانی خەڵك، لە هەموو لایەكەوە خستۆتە ژێر فشاری گەورە و كاریگەر.
رژیمی ئاخوندان كە بینیان لە راست شۆڕشی ژینا تووشی شكست و داماویی بوون، بە سازكردنی شەڕێكی ماڵوێرانكەر لە ناوچەكە و بەتایبەت لە فەلستین، هەوڵی دا، لەو كێشە ناوخۆییانەی كە لە چارەسەریاندا بە بنبەست گەیشتووە، خۆی رزگار بكات و ڕای گشتی لە ئێران بۆ سیناریۆكانی لە دەرەوەی سنوورەكان راكێشێ كە بە هۆی وریایی و چاوكراوەیی جەماوەر، رژیم زیاتر لە باتڵاقی كێشەكاندا ڕۆچووە و هێماكان ئەوەمان نیشان دەدەن، رژیم لەوە زیاتر ئەم خراپەكاریانەی بۆ ناچێتە سەر و دوور نیە سەری بخۆن.
لە لایەكی دیكەوە كێشە ناوخۆییەكانی دەسەڵات زیاتر لە هەر كاتێكی دیكەدا خۆیان نیشان دەدەن، بەتایبەت لە دوای ئەوەی خامنەیی وەلی فەقیهی رژیمی ئاخوندی هەوڵی دا بە یەكدەست كردنی دەسەڵاتەكەی لەلایەك ئامادەكاری بكات بە جیگرەوەی خۆی و لە ئەگەری مردنی خۆی رژیمەی تووشی بۆشایی وەلی فەقیه و بەر یەككەوتنی باڵەكان نەبێتەوە. بەڵام لەدوای ٣ ساڵ بەسەر دانانی ئاخوند رەئیسی جینایەتكار وەك سەرۆككۆمار، ئاخوند موحسینی ئیژەیی وەك سەرۆك دەزگای قەزایی و... بەڵام نەك نەیتوانیوە پرسی جێگرەوەی خۆی یەكلایی بكاتەوە، لە هەمانكاتدا بەر یەككەوتن و لێكدانی نێو باند و باڵەكانی رژیم بەتایبەت لەنێو دەستەبژێرەكانی خودی وەلی فەقیهدا بەتایبەت لە دزینی ٣.٧ میلیار دولار بە ناوی هاوردەكردنی چایی، كێشە و ناڕێكی نێوان دەزگای بەڕێوەبەری و دەزگای قەزایی رژیم بە دیار كەوت.
تێكۆشەران و وڵاتپارێزان لە ناوخۆی كوردستان!
كادرو پێشمەرگە، ئەندام و لایەنگرانی سازمانی خەبات!
ئەگەر چی رژیمی ئاخوندی سەركوت و گرتن و ئێعدام وەك ئامراز و كەرەستەیەك بۆ راگرتنی دەسەڵاتەكەی لە كوردستان و ئێران درێژە پێ بدات، بەڵام بە خۆراگری و كۆڵنەدانی ئێوە و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كە جوێ لە نەبوونی ئازادی، بە پێخوستی مافە نەتەوەیی و سیاسیەكانیان ئازار دەدرێن، هاوكات گەندەڵی دەزگای حاكم، پشتگوێ خستنی پارێزگاكانی كوردستان لە باری ئابووری و پیشەسازیەوە، نەبوونی هەلی كار، هەڵاوسان و گرانی و پەرەسەندنی دیاردە كۆمەلایەتیەكان تەنگیان بە خەڵك هەڵچنیەوەو رۆژ لە دوای رۆژ ژیانیان قورس و حەستەمتر دەبێ و رژیمیش دەریخستووە لە راست چارەسەری كێشە ئاساییەكانیش بێ توانیایە و دۆش داماوە. بەو پێیە شۆڕشی ژینا لە كوردستان و ئێران لە قۆناغەكانی داهاتوودا بە گڕ و تینێكی زیاتر و لە پانتاییەكی فراوانتر و بەرینتردا سەرهەڵدەداتەوە و هەتا كۆتایی بە دەسەڵاتی دژە كورد و گەندەڵ و تاوانكاری ئاخوندان بەردەوام دەبێ.
لە ئێستادا كە رۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە مەهاباد بەرز رادەگرین، بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بە هۆی خەڵكە قارەمان و كوردپەروەرەكەیەوە، خاوەن هێز و توانایەكی باش و بەرچاوەو رژیمی ئاخوندیش ترسێكی زۆری لەم توانا و هێزەی بزوتنەوەكەمانە، هەر بۆیە هەوڵ دەدا لە دەرەوەی وەڵات بە سنوورداركردن و بەربەست دروست كردن كاریگەری بزوتنەوەی كوردستان كەمكاتەوە، بەڵام بە بوونی ئەو جەماوەرە فیداكار و قارەمانەی لە ٤٥ ساڵی رابردوو و بەتایبەت لە كاتی شۆڕشی ژینادا دەوری خۆی نیشاندا، ئاسۆی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی نەتەوەكەمان روونە و پێویستە بە دەرس وەرگرتن لە سەركەوتن و شكستەكانی رابردوومان، بتوانین داهاتوویەكی باش و شایان بۆ نەتەوەی كورد و نەتەوە چەوساوەكانی دیكەی ئێران وەدیبێنین و رێگە نەدەین كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێران ئەم رۆژە سەخت ودژوارانە تەجروبە بكەنەوە.
جارێکی دیکە پیرۆز بێت ٢٦ی سەرماوەز ،رۆژی ئاڵای کوردستانسەرکەوێ بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە کوردستان و ئێران
بروخێ رژیمی دیکتاتۆر و دژە مرۆڤی ئاخوندی
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
كومیتەی ناوەندی
٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٢هەتاوی