شۆڕش کاتێک سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت کە جیاوازی ڕەگەزی و هەڵاواردن نەمێنێت
وتوێژی ماڵپەری بروسکە لەگەڵ خاتوو زێنەب حسێنی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات لەپێوەند بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ژنان لە کوردستان، جۆرەکانی توندوتیژی و رێگاکا
وتوێژی ماڵپەری بروسکە لەگەڵ خاتوو زێنەب حسێنی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات لەپێوەند بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ژنان لە کوردستان، جۆرەکانی توندوتیژی و رێگاکانی بەرەنگاربونەوەی ...
بروسکە:دیارترین جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان چین؟ لە کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بە چ جۆرێک ئەم توندوتیژیانە دەبینرێن و دژی ژنان ئاراستە دەکرێن؟
زهینهب حوسێنی: دیاردەی توندوتیژی جیهانی و بەربڵاوەو لە جێگەێیک بۆ جێگەیەکی دیکە جیاوازە. توندوتیژی مرۆڤ لەگەڵ یەکتری و دواتر لەگەڵ بوونەوەرکانی دیکە و ژینگە و هەروەها توندوتیژی دژی ئافرەتان لەسەرەتای دروست بوونی مرۆڤ و جێنشینی وژیانی بەکۆمەڵ، دروست بوەو بەردەوامە تا ئێستا کە سەدەی بیست و یەکەمە. جۆرەکانی توند و تیژی لە کۆمەڵگا و ناوچە جۆراوجۆرەکان جیاوازە و پەیڕەوکردنی بەپێی ئەو جێگایە دەگۆڕێ. دیارترین توندوتیژی، نەبونی ئازادی وبەربەستە کە پایەی دروست بونی کەسایەتی مرۆڤە و هۆکارە بۆ بەرەوپێش بردنی دۆخی ژیانێکی باش بۆ ئافرەت و خانەوادە و کۆمەڵگا. توندوتیژی جەستەیی و دەرونیش لە دیارترین جۆرەکانی توندوتیژین کە جیهانی بەگشتی و کۆمەڵگا دواکەوتوەکان و کوردستان بە تایبەتی پێوەی دەناڵێنن. ئازار و مەینەتیەکانی ئافرەتان لە خێزانەوە دەست پێ دەکات و شۆڕ دەبێتە بۆ ناو کۆمەڵگا و شوێنی کار.
ناهوشیاری خوڵقێنەری هەموو چەشنە توندوتیژیەکانە سەبارەت بەهەر بونەوەرێک. خێزان کۆمەڵگا پێک دێنێ، هەبونی پۆلێک لەم خەڵکە ناهوشیارە، دواکەوتوویی لێ بەرهەم دێت و وەچە بە وەچە و دەیە بە دەیە ئەم بەرهەمە پاسیف ودژوێنە پەرە پەیدا دەکات و خاڵە لاوازەکانی ژینگەێیکی دواکەوتوو پێک دێت. یەکێک لەوانە کە پێوەی دەناڵێنین هەبونی توندوتیژیە بەرامبەر بە بونەوەر، کە بە پلەی یەکەم ئافرەتان و منداڵان قوربانی ئەو بەرهەمە نەخوازراوەن.
ناهوشیاری خوڵقێنەری هەموو چەشنە توندوتیژیەکانە سەبارەت بەهەر بونەوەرێک. خێزان کۆمەڵگا پێک دێنێ، هەبونی پۆلێک لەم خەڵکە ناهوشیارە، دواکەوتوویی لێ بەرهەم دێت و وەچە بە وەچە و دەیە بە دەیە ئەم بەرهەمە پاسیف ودژوێنە پەرە پەیدا دەکات و خاڵە لاوازەکانی ژینگەێیکی دواکەوتوو پێک دێت
توندو تیژی خێزانی بە یەکێک لە دیارترین توندو تیژی دێتە ئەژمار لە کوردستان.
بەهۆی نەبونی چاودێری و توێژەری کۆمەڵایەتی وفەهەنگی عەیبە کە دەسەڵات وجامیعە لێی بەرپرسە، بەشێک لەتوندوتیژی خێزانی بە نادیاری ماوەتەوەو ئافرەتان قوربانی یەکەم وبێ ڕکابەرن.
ژنان کاتێک لە مافە سەرەتاییەکانیان بێ بەشن، ئیترئەو بێ مافیە قاڵب دەگرێ ودەبێتە ڕێگە و وا دەردەکەوێت کە هەرئەوندە مافەیان لە ژیان بەردەکەوێ و بۆیان نیە ورتەیان لێبێت. ئەمە نۆرم وبەهای ژیانیانە وبەم جۆرەیە کە ئەوان دەبێ ئاڵقە لە گوێی پیاوان بن، جا باوک بێت یان برا یان مێرد یان هەر پیاوێک کە لەدەوری وان دەژی، وای لێدێت ئەم کێشە بەشاراوەی بمێنێتەوەو بەردەوام دەورانی ڕۆژو مانگ و ساڵ بکات. خۆ ئەگەر ئافرەتانی قوربانی بێنە دەنگ و کێشەکەیان بەیان بکەن، نە لەخێزان دا گوێیەک هەیە بۆ بیستن و پشتیوانی، نە یاسای ژێر دەسەڵاتی حاکمیەتی دواکەوتووش مافیان بۆ دەستێنێ.
لە کوردستانەکەمان توندوتیژی خێزانی دیارترینە و دەتوانم بڵێم بەشێکە لە کلتوری خەڵک. ئەم دیاردەیە بۆتە هۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی خۆ کوشتن و نەخۆشیە دەرونیەکان.
وەک ئاشکرایەو لەسەرەتاشدا باسم کرد کە توندوتیژی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای گرتۆتەوە، بەڵام ئافرەتان و منداڵان پشکی شێریان بەردەکەوێ. لە کوردستان دا هەنگاوەکانی چارەسەری ئەم دیاردەیە لاوازە، بەهۆی ئەوەی کە تا ئێستاش وەک کێشەیەک چاوی لێ نەکراوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەپێی کلتوری ناوچەکە سەرەتا هەنگاو هەڵنەهێنرداوە بۆ کەم کردنەوەو نەهێشتنی ئەم کردوە نامرۆڤانەیە و بەردەوام چینی پارێزەر و مافخواز بە لاسایی کردنەوە لە وڵاتانی دیکە تاوانبار کراون. هەربۆیە چۆنیەتی بینینی ئەو دیاردە وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و ئینسانی نایەتە ئەژمارو هەنگاو و ڕێگەچارەکانیشی لاوازن و خۆماڵیانە نین.
بۆیە هەتاکو بیرو زێهنیەتی کۆمەڵگا نەگۆڕدرێ بۆ ئەوەی کە مرۆڤایەتی دەبێ باڵا دەست بێت ئەم کێشانە بنەبڕ نابن.
بروسکە:بە پێی ئامارەکان، لە کوردستانی رۆژهەڵات ژنان نەک توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێ بەڵکو بەردەوام بە هۆکاری جۆراوجۆر گیانیان لێ دەسێندرێت. تەنانەت لەژێر فشارو توندوتیژی ژنان پەنا بۆ خۆکوژی دەبەن، دەبێ چی بکرێ ئەم دیاردە زاڵمانە کۆتایی بێ؟
زهینهب حوسێنی: بەداخەوە تا ئێستاش ئامارێکی ڕاست و دروستی وا لەبەر دەست نیە کە بیسەلمێنێ ڕادەو ڕێژەی توندو تیژیەکان چەندن. بەهۆی نەبونی دامەزراوەیەک کە بەڕاستی خەمخۆری ئەو باسە بێت وهاووکات نەبونی پشتیوانی و ڕێگری دەسەڵاتی حاکم، بەردەوام کێشەکان هەر پەرەیان گرتووە وبەشاراوەیی ماونەتەوە ودەهێڵرێنەوە.
دیاردەی خۆکوشتن و کوشتن لە نێو هەموو چین و توێژەکانی کوردستان لەهەڵکشانە. خراپی و نالەباری باری ئابوری و نەبونی کەشێکی سەردەمیانە و مۆدێرن و فشارە کۆمەڵایەتیەکان، کە ئەمانە هەمووی خولقێنەرو سەرچاوەن بۆ کردەوەی توندو تیژی لە کوردستان و ئێران بە گشتی، هۆکارن بۆ بەرزبونەوەی ڕێژەی کوشتن و خۆ کوشتن. دیاردەی کوشتن و خۆکوشتن لە وڵاتانی پێشکەوتوو و ئیدعاگەری ئازادی تا ئێستاش بنبڕنەبوەو نابێ، دەکرێ بەربەست و ڕێگەی جۆراو جۆر دانرێ بۆ کەم کردنەوەی. بەڵام لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەی هەمە چەشن، نابێ درێغی بکرێ و پێویستە ڕێکخراوە مەدەنی و مافەوانیەکانی ئافرەتان بەشێوەیەکی جدیترو لێبڕاوانەتر کار لەسەر مەسەلەی ئافرەتان بکەن و سیمایه کی ویستراو و پەسەندی کۆمەڵگا بەسەرکارەکانیاندا بدەن و لە سەرەتایترین خاڵی قبوڵکراوی کلتورییەوە کە زوتر لە هەموو خاڵە حەستەمەکان دەچەسپێ، دەست پێ بکەن.
هوشیاری کۆمەڵگا لە ئەستۆی ئەوانە، چونکە دەسەڵاتی حاکم خوازیاری وشیاری نیە و بگرە بۆ خۆی هۆکاری توندوتیژیەو زیندانەکانی پڕن لە ئافرەتانێک کە بەوتەی خۆیان بەد حیجابن و لە ڕێچکەی ڕاستی لایان داوە، لەکاتێکدا هێندێکیان هەر بانگەوازی ئازادیان کردووە ودژ بە بابەتە باوەکان وەستاونەتەوە.
خراپی و نالەباری باری ئابوری و نەبونی کەشێکی سەردەمیانە و مۆدێرن و فشارە کۆمەڵایەتیەکان، کە ئەمانە هەمووی خولقێنەرو سەرچاوەن بۆ کردەوەی توندو تیژی لە کوردستان و ئێران بە گشتی، هۆکارن بۆ بەرزبونەوەی ڕێژەی کوشتن و خۆ کوشتن
دەشکرێ بڵێم لە ڕاستیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕلە قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئابووری، زیان و ئازارەکانی ئافرەتان هاوتایەو هەر ئەوەندە دەتواندرێ کاری لەسەر بکرێ چونکە خودی ناوچەکە قوربانی شەڕو پێکدادان و ململانێیە. لەگەڵ هەموو ئەمانەش ناکرێ بڵێین کار نەکراوەو هەوڵ نەدراوە بۆ کەم کردنەوەی توندوتیژیە کۆمەڵایەتیەکان، بێگومان کەمیش نین ئەو ڕێکخراوانەی کە داخوازی ئاشتی کۆمەڵایەتین . ئاڵوگۆڕەکان خێران و ڕەوتی پێشکەوتن بەڕۆژە و لەقەدەر ئەم دۆخە هەوڵەکان کەم نەبون.
بروسکە: ئێوە وەکوو حیزبێکی سیاسی بەرنامەو پلانی تایبەت بە گەشەپێدانی تواناکانی ژنان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بۆ جێخستنی فەرهەنگی یەکسانیخوازی بەچ میکانیزمێک دەبەنە پێش و عەمەلی دەکەنەوە؟
زهینهب حوسێنی: سازمان خەباتی کوردستانی ئێران هێزێکی نەتەوەیی ونیشتمانیە، لەگەڵ موبارزە بۆ دەستەبەری مافە ڕیشەیی وبنچینەکان، باوەڕی قوڵی بە خەباتی چینایەتی هەیە وپێی وایە شۆڕش کاتێک سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت کە جیاوازی ڕەگەزی و هەڵاواردن نەمێنێت. ئێمە بەکردەوە هەنگاومان بۆ نەهێشتنی نابەرابەری هەڵگرتووە وباوەڕمان وایە خۆشبەختی مرۆڤ وهەست کردن بەوە کە لەنیشتمانی خۆتدای، سەرچاوەکەی ماف وئەرکی وەک یەک وبەدوور لەچەوسانەوەی ئەم خێڵ بەدەست ئەو خێڵ وگروپ وتاقمە، تەنانەت لەنێو خانەوادەش. لەباری خەباتی ئافرەتان بۆ دەستەبەری مافەکانیان، ڕێکخراوێکمان هەیە کە تایبەتە بە ئافرەتان و بەپێی پەیڕەو پرۆگرامێک کە دامان ڕشتوە، داکۆکی لە مافی ئافرەتان دەکەین وپێمان وایە توانیومانە لەم پێوەندیەدا ڕۆڵمان هەبێت. لە ماوەی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتەوە تا ئێستا توانیومانە بەپێی هەل و مەرج و تواناکانی ئافرەتان لە ڕیزەکانی خۆماندا هەنگاو بە هەنگاو بچینە پێش.